ڕۆژئاوا لەدوای هەسەدە؛ شکست، دەستکەوت یان قۆناغی نوێی کۆنتڕۆڵ؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شنۆ هیرانی

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، مەزڵوم عەبدی هەوڵیداوە ڕۆڵێکی سیاسی بۆ خۆیی‌و بۆ ڕۆژئاوا لەداهاتوی سوریا دابینبکات؛ بەڵام ئەوەی لەبنەڕەتدا نەیەویست ئەوەبوو ببێتە تەنها ژەنەڕاڵێک لەژێر سایەی وەزیرێکی حکومەتی سوریا. ئامانجی عەبدی زیاتر لەوەبوو کە لەڕێگەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی، خۆیی‌و ڕۆژئاوا لەچوارچێوەیەکی سیاسیی فراوانتر بناسێنێت؛ پارتێک کە بتوانێت هەموو پێکهاتەکانی سوریا، بەتایبەتی عەلەوی‌و دروزەکان، لەخۆبگرێت‌و ببێتە بەدیلێکی سیاسیی بۆ داهاتوی سوریا.

لەچوارچێوەی ئەم هەوڵەدا، کۆبونەوەی سەرەکی نێوان مەزڵوم عەبدی‌و ئیلهام ئەحمەدو ئەحمەد شەرع کە پێشتر بڕیاری لەسەردرابوو، گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، لەڕوانگەی ئەم خوێندنەوەیەوە، بڕیاری کۆتاییهێنان بەهەسەدە پێشتر لەسەر مێز بوو، بەڵام عەبدی هەوڵیدا ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە دوابخات‌و کات بۆ خۆی بکڕێت.

هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو کە عەبدی نەیدەویست ببێتە جێگری وەزیرێکی سوریا، ئەو بەدوای ڕێگه‌یەکی سیاسی جیاوازدا دەگەڕا؛ ڕێگه‌ی دامەزراندنی پارتێک کە بتوانێت کورد، عەلەوی، دروزو پێکهاتەکانی دیکەی سوریا لەچوارچێوەیەکی سیاسی نوێدا کۆبکاتەوە.

ئەم هەنگاوە بۆ حکومەتی سوریاو بۆ تورکیا هەڵخستنی ئاڵارمێکی سیاسی بوو؛ چونکە دروستکردنی هێزێکی سیاسیی نوێ کە پشتگیریی کۆمەڵگەی کوردی‌و هەندێک پێکهاتەی دیکەی سوریا لەگەڵ خۆی هەبێت، دەتوانێت هاوسەنگیی سیاسیی ناوچەکە بگۆڕێت.

به‌گوێره‌ى ئەم خوێندنەوەیە، پێش کۆبونەوەکە، هاکان فیدان‌و ئەسعەد شەیبانی بەئاشکرا پەیامیان بۆ ئیلهام ئەحمەد ناردبوو کە مەزڵوم عەبدی دەبێت لەو هەنگاوە پاشگەزبێتەوە.

لەهەموو حاڵەتێکدا، ئەگەر عەبدی نایەوێت بچێتە ژێر سایەی هیچ وەزیرێکی عەرەبی، ئەوا یەکێک لەهەڵبژاردە سەرەکییەکانی ئەوەیە ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار، ئەگەر ئەم چارەنوسەش نەکرێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە پەیوەندییە سیاسیی‌و دیپلۆماسییەکانی نێوان عەبدی‌و ئەحمەد شەرع بەرەو قۆناغێکی نوێی گەمارۆو بلۆککردن بچێت.

پڕۆژەی پارتێکی سیاسیی
لەماوەی چەند مانگێکی ڕابردودا، مەزڵوم عەبدی بەشێوەیەکی جدی خۆی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی ئامادەکردبوو، لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتییە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکان بینیوەو کەسایەتییە عەلەوی‌و دروزەکانی بۆ قامیشلۆو حەسەکە بانگهێشتکردوە.

ئەم هەنگاوانە دەتوانرێت وەک جۆرێک لەئامادەباشیی پێشوەخت بۆ ئەو قۆناغە بخوێندرێنەوە کە باڵی سەربازیی هەسەدە هەڵبوەشێتەوەو قۆناغێکی سیاسیی نوێ دەستپێبکات.

من لێرەدا ناچمەسەر وردەکارییەکانی پرسی زمان، ناسنامەو مافە کۆمەڵایەتییەکان؛ چونکە لەماوەی ڕِابردودا لەمیدیا بەفراوانی باسکراون، بەڵام لەئێستادا لەمیدیاو سۆشیال میدیا دوو خوێندنەوەی سەرەکی بۆ ئەم دۆخە هەیە:

خوێندنەوەی یەکەم:  شکست، خیانەت‌و فرۆشتن.
خوێندنەوەی دوەم: سەرکەوتن‌و دەستکەوت.

بەڵام لەنێوان ئەم دوو خوێندنەوەیەدا ڕاستییەکی سێیەم هەیە کە پێویستی بەسەیرکردنی قوڵتری دۆخەکە هەیە.

مەزڵوم عەبدی؛ ڕاوێژکاری شەرع
ئەگەر مەزڵوم عەبدی ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار، نابێت ئەم پۆستە تەنها وەک پۆستێکی ته‌شریفاتی یان وەزیفی بخوێندرێتەوە، دوای ڕێکەوتنی شوباتی ڕابردوو، زۆربەی ئاراستە سیاسییەکان بەشێوەیەک بەرەو ئەم دەرئەنجامە دەچون. لێرەدا ئەنجام گرنگە، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەو فاکتەرانەی دۆخی سوریاو ناوچەکەیان دروستکردوە بخوێندرێتەوە.

ڕەوشی سوریاو قۆناغی کۆتایی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەڕەوشی پرۆسەی چارەسەری لەباکوری کوردستانەوە گرێدراوە، ئەوەی لەدیمەشق جێبەجێدەکرێت، لەئەنكەرەش بەشێوازێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. بۆیە ناتوانرێت سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستان‌و تەنانەت بەشێکی زۆر لەسیاسەتی سوریا بەبێ ڕۆڵی ئەنكەرەو واشنتۆن تێبگەین.

ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەهەمانشێوە بەردەوامبێت، ئەوا شتێکی زۆر کەمدەمێنێتەوە بەناوی «خۆسەری»؛ هەروەها ئەو مۆدێلەی «ئەنجومەنی دیموکراسی کورد لەسوریا»ـیش لەوانەیە بەشێوەیەکی نوێ لەناو سیستەمی ناوەندیی حکومەتی سوریا جێگیربکرێت.

ئایا ئەوە شکستە؟
بۆیە من لەگەڵ ئەو خوێندنەوەیە نیم کە هەر هەنگاوێکی نوێ لەڕۆژئاوا بە«شکست، خیانەت‌و فرۆشتن» ناودەبات. ئەوانەی ئەمڕۆ تەنها بەو وشانە دۆخەکە دەخەنەڕوو، لەڕوانگەی منەوە یاخود بەشێکی زۆر لەفاکتەری سەرەکییان نەخوێندوەتەوە، یان زۆر درەنگ گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبوو زوتر لێی تێبگەن.

دەبوو ساڵی ڕابردوو ڕۆژئاوا نەهێڵرێت بەرەو ئەو هەڵەیە بچێت‌و ڕێکەوتنی 10ی ئادار بەتەواوی جێبەجێبکرێت، هەروەها دەبوو بەوردی لەو کۆنگرەیە بڕوانرێت کە تێیدا داواکاریی لامەرکەزی کرا؛ چونکە دەتوانرێت ئەو کۆنگرەیە بەشێک بێت لەپرۆسەی دامەزراندنی تەڵەیەکی سیاسیی بۆ لاوازکردن‌و لەناوبردنی ئەزمونی ڕۆژئاوا، بەڵام لەئێستادا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەنییە کە (کێ بردیه‌وه‌و کێ دۆڕاندى؟).

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کورد لەم قۆناغە نوێیەدا چۆن دەتوانێت سیاسەت بکات؟
کێشەی مەزڵوم عەبدی لەقۆناغی سیاسیی.. مەزڵوم عەبدی، هەرچەندە کەسێکی تێکۆشەرو ڕاستگۆیەو لەناو کوردو لەئاستی جیهانییەوە بوەتە سیمبۆلی ڕۆژئاواو بەرخودانی کورد لەدژی داعش، بەڵام ئەمە بەتەنها بەس نییە بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەی پارتێکی سیاسیی نوێ.

لەڕوی ئاستی سیاسی، ستراتیژیی‌و تیۆری سیاسییەوە، عەبدی ئەو توانایەی نییە کە بەتەنها ببێتە ناوەندی ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیی پارتێکی نوێ‌و بۆی ئیفەکتێکی سیاسی‌و پڕۆگرامێکی حزبی دابڕێژێت، لەبەرئەمەش نابێت نمونەی مەزڵوم عەبدی بە نمونەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەراورد بکرێت.

دەمیرتاش تەنها کەسێکی سیاسی نەبوو؛ لەبواری مێژوو، یاسا، تیۆری سیاسی‌و ستراتیژی سیاسی توانایەکی بەرزی هەبوو، توانای تیۆریی سیاسیی ئەو وایکردبوو بتوانێت لەدۆخێکی ئاڵۆزدا بیرۆکەیەکی سیاسی بۆ کۆمەڵێک پێکهاتە دابین بکات. عەبدی بەهێزترین خاڵی لەفەرماندەیی، تێکۆشان‌و دروستکردنی هاوسەنگییە سەربازییەکانە؛ نەک لەدروستکردنی سیستەمێکی تیۆری‌و ئایدیۆلۆژیی سیاسیی.

بۆچی «ڕاوێژکار»؟

لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: بۆچی ڕاوێژکار؟ ڕاوێژکار لەپەیکەری دەوڵەتدا پۆستێکی ستراتیژییە، بەتایبەتی لەناو بێروکراسییەتی دەوڵەتدا، ڕاوێژکار دەتوانێت لەپرۆسەی دروستکردنی بڕیاردا ڕۆڵی گرنگی هەبێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: لەدەوڵەتێک وەک سوریا، کە هێشتا سیستەمی سیاسییەکە لەقۆناغی گواستنەوەدایە، ئەم پۆستە تا چەند دەتوانێت ڕۆڵێکی ستراتیژیی بۆ عەبدی دروستبکات؟

ئەگەر «ڕاوێژکار» تەنها ناونیشانێکی تەشریفاتی بێت، ئەوا دەستکەوتێکی سیاسیی زۆر سنوردارە، بەڵام ئەگەر عەبدی بتوانێت لەپرۆسەی دروستکردنی بڕیارو دانانی سیاسەتی دەوڵەتدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی هەبێت، ئەوا پۆستەکە دەتوانێت بۆ داهاتوی سیاسیی ئەو گرنگ بێت.

ئینتگراسیۆن یان کۆنترۆڵ؟
مەزڵوم عەبدی لەئێستادا سیمبۆلێکی سیاسییە؛ نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ بەشێک لەجیهانیش کە ڕۆژئاواو هێزەکانی کۆبانێ‌و شەڕی دژی داعش بەچاوی نمونەیەکی جیاواز سەیردەکات، لەبەرئەمە، لەڕوانگەی تورکیاو حکومەتی سوریاوه‌، دانانی عەبدی لەپۆستێکی حکومەتیدا دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو سیمبۆلەو لەهەمانکاتدا کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزەی پشتەوەیەتی.

بۆیە ئەو ستراتیژییەی بەناوی «ئینتگراسیۆن» ناسراوە، لەڕوانگەیەکی دیکەوە دەتوانێت پرۆسەیەکی کۆنتڕۆڵکردنی هێزی ڕۆژئاوا بێت، بەڵام ئایا ئەم ستراتیژییە لەواقیعدا سەرکەوتوو دەبێت؟، من پێموایە ئەمە هێشتا پرسیارێکی کراوەیە، چونکە هێزەکانی ڕۆژئاوا هێزێکی سێکولارن، کادرو فەرماندەکانیان لەشەڕی دژی داعشدا ئەزمونی سەربازیی زۆریان بەدەستهێناوەو سیستەمی ناوخۆییان لەسەر بنەمایەکی جیاواز لەسیستەمە ئیسلامی‌و تایفییەکان دامەزراوە.

بەتایبەتی، بنەمای هاوسەنگیی ڕەگەزیی‌و بەشداریی ژنان لەپەیکەری ئەم هێزانەدا بوەتە بەشێک لەناسنامەی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی ئەزمونی ڕۆژئاوا، لەبەرئەمە، پرسیارێکی گەورە لەبەردەم «ئینتگراسیۆن»ە: ئایا سێکولارێک‌و سەلەفییەکی جیهـادی دەتوانن بەیەکەوە سیاسەتی دەوڵەتێکی هاوبەش بەڕێوەببەن؟ ئایا سەلەفییەکی جیهـادی‌و سێکولارێکی چەپ دەتوانن لەژێر ناوی ئینتگراسیۆن بەیەکەوە فەرماندەیی هێزێکی چەکدار بکەن؟ ئەمە پرسیارێکی تیۆری نییە؛ پرسیارێکی واقیعییە، هێشتا تەنانەت ئەمریکییەکانیش ناتوانن بەدڵنیایی بڵێن ئەم مۆدێلە چۆن سەرکەوتودەبێت. لەکورتخایەنەدا، بۆ ئەنكەرە مەبەستی سەرەکی لەکۆنتڕۆڵکردنی ئەم هێزە، تەنها سوریا نییە؛ بەڵکو ڕێگریکردن لەدروستبونی هەر پەیوەندییەکی ستراتیژی لەنێوان ڕۆژئاواو ئیسرائیلە.

عەبدی‌و ئۆجەلان
لەم قۆناغەدا، پێموایە مەزڵوم عەبدی پێویستییەکی زۆری بەپشتگیریی ئۆجەلان هەیە؛ بەتایبەتی بۆ دوخاڵی زۆر گرنگ:
یەکەم: دەربازبون لەسایەی تەعلیماتی قەندیل‌و دروستکردنی سەربەخۆیی سیاسیی.
دوەم: بەهێزکردنی پێگەی خۆیی‌و دروستکردنی ناسنامەیەکی سیاسیی سەربەخۆ.

لەهەمانکاتدا، عەبدی دەبێت بتوانێت تورکیا تاڕادەیەک لەخۆی ڕازیی بکات، بۆئەوەی ئەنجامێکی گرنگتر بەدەستبهێنێت، دروستکردنی په‌یوه‌ندیى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان. ئەم پەیوەندییە ئەگەر دروستبێت، دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی عەبدی لەنێوان قەندیل، ئەنكەرە، دیمەشق‌و واشنتۆن شوێنێکی سیاسیی جیاواز بۆ خۆی دروستبکات. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەڕۆژئاواو لەسیاسەتی سوریا ڕودەدات، نابێت تەنها وەک هەرەس یان سەرکەوتن بخوێندرێتەوە. ئەوە ئەندێکسێکی قۆناغێکی نوێیە؛ قۆناغێک کە تێیدا شەڕی چەکدار بەتەواوی جێگه‌ی خۆی بەشەڕی سیاسەت، دیپلۆماسی، دامەزراوەو ناسنامە دەدات.

پرسیاری سەرەکی لەئێستادا ئەوەنییە کە هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە یان نا، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە دوای هەسەدە، کێ دەتوانێت کورد لەمەیدانی سیاسەتدا نوێنەرایەتی بکات؟ ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا بتوانێت لەفەزاێکی سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ فەزاێکی سیاسی، ئەوا کۆتایی هەسەدە بەمانای کۆتاییی ڕۆژئاوا نابێت؛ بەڵکو دەتوانێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت، بەڵام ئەگەر ئەم گواستنەوەیە بەبێ پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕون‌و بەبێ سەربەخۆیی بڕیار بکرێت، ئەوا «ئینتگراسیۆن» دەتوانێت لەکۆتاییدا ناوی جوانی پرۆسەیەک بێت کە ناوەڕۆکەکەی کۆنتڕۆڵکردنە.