قەیرانی ئابوریی ئێران و سنوری کاریگەریی فشارە ئابورییەکان

ئابوری

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 85 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ توندبونەوەی قەیرانی ئابوری لەئێران، ڕاز زیمت، ئابوریناس و بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران و محەورەی شیعە لەناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ جروزالم پۆست وتویەتی کە سەرەڕای خراپبونی بارودۆخی ئابوری، هێشتا هیچ نیشانەیەکی ڕونی داڕمانی حکومەتی ئێران بەدی ناکرێت.


زیمت گرنگترین کێشەی ئابوریی ئێران بەهەڵاوسان دەزانێت. بەوتەی ئەو، ڕێژەی فەرمیی هەڵاوسان لە %80 تێپەڕیوە، بەڵام بارودۆخی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان نیگەرانییەکی زیاتر دروست دەکات؛ بەتایبەتی نرخەکانی خواردن کە لەنێوان %120 تا %180زیادبوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەخت دەکاتەوە کە بارودۆخ هێشتا نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی بتوانرێت بەداڕمانی ئابوری یان لەدەستدانی کۆنترۆڵی حکومەت ناوببرێت.

ئەو دەڵێت لەیەک دوو هەفتەی ڕابردودا جۆرێک جێگیریی ڕێژەیی لەهەڵاوسان بەدی کراوە؛ هەڵاوسان هێشتا لە ئاستێکی زۆر بەرز، نزیکەی %80،دایە، بەڵام بۆ ئێستا خێراییی زیاتری بەخۆیەوە نەبینیوە. لەدیدی زیمتەوە، بارودۆخی ئابوری بێگومان زۆر قورس و نیگەرانکەرە، بەڵام هێشتا ناتوانرێت بگوترێت حکومەت لەئاستەکانی نزیکبونەوە لەڕوخاندایە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە برسیەتی وەک دیاردەیەکی گشتگیر بونی نییەو قەیرانی ئابوری هێشتا نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی ڕاستەوخۆ مانەوەی حکومەت بخاتە مەترسییەوە.

زیمت پێیوایە فشارە ئابورییەکان لەوانەیە بۆ ماوەیەکی دیکە بەردەوام بن و بەشێوەیەکی حەتمی نەبنە هۆی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان. لەهەمان کاتدا، دەڵێت حکومەتی ئێران خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان ئامادە دەکات و ئەگەر ناڕەزایەتییەکان دوبارە دەست پێ بکەنەوە، لەوانەیە هەڵوێستی هێزە حکومییەکان لەوەش توندتربێت کە لەڕابردودا بینراوە.

ئەم ئابوریناسە هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی کە نابێت چاوەڕێ بکرێت فشارە ئابوورییەکان بەتەنیا وا لەتاران بکات کە داواکارییەکانی واشنگتن قبووڵ بکات. بەوتەی ئەو، ئەزمونی مێژوییش نیشانی دەدات کە فشارە ئابورییەکان بەتەنیا بەس نیین بۆ ناچارکردنی ئێران بەسازش.

لەدیدی زیمتەوە، فشارە ئابورییەکان تاران زیاتر نزیک کردوەتەوە لەخاڵی بڕیاردان، بەڵام بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی ئێران پێویستە ڕێگایەک بۆ دەرچون لەقەیران دابین بکرێت؛ بەشێوەیەک کە حکومەت بتوانێت بێ ئەوەی هەست بەشەرمەزاری یان شکستی سیاسی بکات، لەقەیرانەکە دەربچێت. بەواتایەکی تر، تاران دەبێت بتوانێت لەگەڵ پاراستنی ناوبانگ، ڕێزو شکۆی خۆی، بڕیارێک بۆ سازش بدات.