تورکیا تەحەددای ئیسرائیل دەکات و دێتە قوڵایی خاکی سوریاوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەهەنگاوێکدا کە ئاماژەیە بۆ بەرزبونەوەی هەژمونی سەربازیی ئەنقەرە لەناوخۆی سوریا، هێزەکانی تورکیا لەکۆتایی هەفتەدا چوونە نێو قوڵایی پارێزگای دێرەزوور لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەو پردێکی سەرئاوکەوتویان لەسەر ڕوباری فورات دروست کرد.


ئەم جوڵەیە لەدوری نزیکەی 180 کیلۆمەتر لەسنورەکانی تورکیا-سوریا ئەنجام درا، بێ ئەوەی هیچ وەڵامێکی سەربازیی ڕاستەوخۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە لێ بکەوێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "میدل ئیست ئای"، هێزەکانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سوریا پردەکەیان لە ناوچەی مەیادین دامەزراندووە و توانای پەڕینەوەی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە سەربازییەکانیان لەسەری تاقیکردووەتەوە، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە بۆ دابینکردنی پاراستن و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری.

ئەم پێشڕەوییە سەربازییە تەنها چەند هەفتەیەک دوای هۆشدارییەکانی ئیسرائیل دێت کە ڕایگەیاندبوو ڕێگە بە تورکیا نادات بوونی سەربازیی خۆی لە سوریا بەهێزتر بکات و بەرەو باشوور پێشڕەوی بکات.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل لەژێر گوشاری ئەمریکادایە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە لەگەڵ تورکیا.

هەروەها هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان دەریانخستووە کە هێڵی سووری ڕاستەقینە پەیوەندی بە دووری جوگرافییەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە سروشتی بوونی سەربازیی تورکیا، وەک جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی و ڕاداری پێشکەوتوو یان دروستکردنی بنکەی هەمیشەیی کە ببنە ڕێگر لەبەردم ئازادی جووڵەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل.