هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوی بەرلین؛ نوێنەرانی تاڵیبان بۆ کاروباری کۆنسوڵگەری دەگەنە ئەڵمانیا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ڕێگەیداوە نوێنەرانی حکومەتی تاڵیبان بێنە ناو وڵاتەکەوە، تەنها بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە تەکنیکییەکان بەمەبەستی خێراکردنی پڕۆسەی ناردنەوەی (دیپۆرتکردنەوەی) کۆچبەرانی ئەفغانی بۆ وڵاتەکەیان، ئەم بڕیارەش دوای ئەوەدێت کە هەفتەی ڕابردوو ئەڵمانیا 23 ئەفغانیی ناردەوە بۆ کابوڵ کە هیچ کامێکیان تۆمەتی تاوانکارییان لەسەرنەبوو.


وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەرلین ڕایگەیاند، "ئێمە ڕەزامەندیمان نیشانداوە لەسەر هاتنی تیمێکی پشتیوانی تەکنیکی بۆ ماوەیەکی کورت"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەیە کە دەنێردرێنەوە بۆ ئەفغانستان.

وتەبێژەکە وتیشی، "ئەمە لەبەرژەوەندیی ئێمەدایە کە نوێنەرایەتییەکانی ئەفغانستان لەدەرەوە بتوانن خزمەتگوزاریی کۆنسوڵگەری پێشکەش بەو 450 هەزار هاوڵاتییە ئەفغانییە بکەن کە لەئەڵمانیا دەژین، بەتایبەتی بۆ ئاسانکاریی لەپڕۆسەی گەڕانەوەیاندا".

بەوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە، نوێنەرانی تاڵیبان پشکنینی ئەمنییان بۆکراوەو دوای مانەوەیەکی کورت ئەڵمانیا جێدەهێڵن، ڕونیشیکردەوە، ئەوانە "تەکنیکارو پسپۆڕی هونەرین"و تەنها بۆ ئەوە هاتون دڵنیاببنەوە لەوەی ئامێرەکان بەدروستی کاردەکەن، تاوەکو بتوانرێت بۆ نمونە ڤیزاو مۆرو لەزگەی فەرمی لەسەر پاسپۆرتەکان چاپبکرێن.

ئەڵمانیا لەمدواییانەداو لەسەردەمی فریدریش مێرتس ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سیاسەتی کۆچبەرانی توندترکردوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەساڵانی ڕابردودا ژمارەیەکی زۆر لەکۆچبەرو پەنابەرانی وەرگرتبوو.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤ بەتوندی ڕەخنە لەم هەنگاوە دەگرن‌و دژی ناردنەوەی پەنابەرانن بۆ ئەفغانستان، چونکە بڕوایانوایە، لەوێ سیستمێکی توندڕەو لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە.

هەرچەندە حکومەتی ئەڵمانیا بەفەرمی دانی بەدەسەڵاتی تاڵیباندا نەناوە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر گەڕانەوەسەر حوکم لەکابوڵ، بەڵام بۆ پرسی ناردنەوەی کۆچبەران لەگەڵیاندا کەوتوەتە گفتوگۆ.