شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە شاری هەولێر دابخرێت، كە تێیدا بەهۆی هەڵەی پزیشك و کەمتەرخەمی نەخۆشخانەكەوە، كچێكی تەمەن 21 ساڵی گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" دوای گیان لەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەتی تەمەن 21 ساڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت (ئەهلی) لەشاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی پشکنین و بەدواداچون سەردان و بەدواداچونی مەیدانی کرا ".
وەزارەتی تەندروستی چەند رونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە دەدات، کە بریتین لەمانە:
1- پزیشکی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی کارکردنی نییە لەو نەخۆشخانەیە.
2- نەبونی میلاکی ئەو پزیشکە لە لیستی میلاکی ڕێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ کارکردنی لەم نەخۆشخانەیە.
3- ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاکەوتن بەبێ بونی فریاکەوتن و بەبێ بونی هۆڵی چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە.
4- لەبەر نەبونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە دوو بە فەرمی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە و بەبڕیار کارکردن تێدا ڕاگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بەڕێگەی دیکەی نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای دیکەی نافەرمی چونەتە ژورەوە و کاریان کردوە.
5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان کردوە و پابەند نەبونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی لەکۆتایی ڕونکردنەوەکەیدا باس لەوەدەکات، پێویستە تەواوی نەخۆشخانەکانی ئەهلی و سەنتەر و کۆمەڵگاکانی پزیشکی کەرتی تایبەت پابەندبن بە کارکردن بەپێی بونی مۆڵەتی بەرکار و پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بەفەرمی ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستی هەبێت بۆ کارکردن لەو شوێنەی کاری تێدا دەکات، بەپێچەوانەوە سەرپێچی یاسیاییە و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر ڕێکارەکانی دادگا.
