نامەکەی سینوار پێش 7ی ئۆکتۆبەر؛ بەرپرسێکی پێشوی فەڵەستینی پەردە لەسەر پشتپەردەی پەیوەندییە نهێنییەکان لادەدات

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا دۆسیەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر هێشتا گەورەترین مەتەڵی ئەمنی‌و سیاسییە لەناوچەکەدا، دکتۆر سوفیان ئەبو زایدە وەزیری پێشوی کاروباری ئەسیرانی فەڵەستین، پەردە لەسەر زنجیرەیەک گفتوگۆو پەیوەندیی نهێنیی 18 مانگی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس لادەدات‌و ده‌ڵێت، "پێش ماوەیەکی کورت لەتەقینەوەی جەنگەکە، یەحیا سینوار نامەیەکی گرنگ‌و کتوپڕی پێ سپاردوە تا ڕاستەوخۆ بیگەیەنێتە دەستی بەرپرسانی باڵای ته‌لئه‌بیب"؛ ئەم زانیارییە نوێیانە کە هاوکاتە لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکی شۆکهێنەری ڕۆژنامەی (هاارتس) سەبارەت بەفەشەلی شاباک لەهەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵگرییەکان پێش هەڵگیرسانی جەنگ، زەمینە لەبەردەم باهۆزێکی توندی سیاسی‌و ئەمنی نوێ لە ناوخۆی ئیسرائیلدا خۆشدەکاتەوە.


دکتۆر سوفیان ئەبو زایدە وەزیری پێشوی کاروباری ئەسیران لەدەسەڵاتی فەڵەستینى ڕایگەیاندوه‌، لەڕۆژانی داهاتودا تەواوی وردەکاریی گفتوگۆو پەیوەندییەکی نهێنی بڵاودەکاتەوە کە بۆ ماوەی ساڵ‌و نیوێک لەنێوان ئیسرائیل‌و بزوتنەوەی حەماسدا بەڕێوەچوە.

ئەبو زایدە ئاشکرایکرد، تەوەرێکی سەرەکیی بابەتەکە، گەیاندنی نامەیەکی ڕاستەوخۆ بوە کە یەحیا سینوار ڕێبەری کۆچکردوی حەماس لەکەرتی غەززە، پێش ماوەیەکی کورت لەهێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر داوای لێکردوە بیگەیەنێتە دەستی بەرپرسانی ئیسرائیل.

ئەبو زایدە لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەهەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، ئەو دانوستانە نهێنییانە ئامانجیان گەیشتن بوە بەڕێککەوتنێکی مرۆیی‌و ئاڵوگۆڕی دیله‌كان؛ بەجۆرێک کە حەماس ئامادەیی نیشانداوە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادبکات لەبەرامبەر ئازادکردنی سەدان دیلى فەڵەستینی، لادانی گەمارۆی سەر غەززە، ڕێگەدان بەچونەژورەوەی کرێکاران‌و چارەسەرکردنی قەیرانی کارەباو ئاو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوه‌، سینوار (کە بەئەبو ئیبراهیم ناسراوە) نامەیەکی پێ سپاردوە بۆ لایەنی ئیسرائیلی، بەڵام لەڤیدیۆکەدا ناوەڕۆکەکەی نەدرکاند کە ئایا هۆشداریدان بوە یان ئاماژە بۆ هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان.

ئەم زانیارییە کتوپڕانەی ئەبو زایدە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانەی پێشتر لەناوخۆی ئیسرائیلدا بڵاوبونەوەو باس لەگەیشتنی نامەیەکی نهێنیی سینوار دەکەن کە تێیدا هۆشداریدابوو لەتەقینەوەی دۆخی ناو زیندانەکان.

هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەی (هائارتس) ئاشکرایکردوە، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) لەناوەڕاستی ئەیلولی 2023دا لەڕێگەی سەرچاوەیەکی نهێنییەوە بەناوی (چاوەکانی خەڵوز) زانیاریی وردی پێگەیشتوە، لەوکاتەدا سەرۆکی شاباک پێشنیازی لێدانی پێشوەختە یان توندکردنی بەرگرییەکانی باشوری کردوە، بەڵام کۆبونەوەی باڵای بڕیاردەرانی ئیسرائیل بەهۆی هەڵسەنگاندنی هەڵەوە هیچ بڕیارێکی سەربازیی لێنەکەوتوەتەوە.

سوفیان ئەبو زایدە کە تەمەنی 66 ساڵەو لەدایکبوی کەمپی جەبالیایە لەغەززە، بەهۆی زمانەوانی‌و زانینی تەواوی زمانی عیبری، وەک شیکەرەوە لەمیدیاکانی ئیسرائیلدا دەردەکەوێت‌و لەڕوی سیاسییەوە نزیکە لەبەرەی محەمەد دەحلان، چاوەڕواندەکرێت بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە شۆکێکی نوێ لەناوەندە ئەمنی‌و بڕیاردانەکانی ته‌لئه‌بیبدا دروستبکاتەوە.