شارپرێس ـ تایبهت:
فایلی کودەتاو تیرۆری بافڵ تاڵەبانیو ئەشکەنجەو حەپی مۆرفین
تەقینەوەی گەورە دروستدەکەن
هۆڵی دادگای دوى تاوانهكانى سلێمانی شایەتی یەکێک لەگەرمترینو
شۆکهێنەرترین دانیشتنەکانی مێژوی خۆی بوو لەسەر کەیسی دەستگیرکراوانی "لالەزار"،
دوای 13 مانگ لەزیندانیکردن، لاهور شێخ جەنگیو پۆڵادى برایىو ڕێبوار حامید حاجی
غالی لەبەردەم دادوەردا دەستیان بەقسەکردن کرد؛ وتەکان هاوسەنگیی کەیسەکەیان بەتەواوی
سەرەوژور کردەوە، کاتێک هەریەکە لەلاهورو پۆڵاد ڕایانگەیاند، تەواوی وتەکانی قۆناغی
لێکۆڵینەوە لەژێر گوشاری دەرونی، ئەشکەنجەو بەکارهێنانی حەپو مۆرفیندا بەزۆر پێیان
واژۆکراوەو هی ئەوان نییە، شارپرێس لهزارى سهرچاوهیهك لهتیمى پارێزهرانى كهیسى
گیراوانى لالهزارهوه وردهكاریى وتهكانى لاهور شێخ جهنگىو پۆڵادى برایىو ڕێبوار
حامى حاجى غالى وهكو خۆى بڵاودهكاتهوه.
لاهور شێخ جەنگی: ئەگەر هێندە بچوک بم پلان بۆ تیرۆر
دابنێم، با لەسێدارەم بدەن
لاهور شێخ جەنگی لەسەرەتای قسەکانیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی
کە دوای 13 مانگ زیندانیکردن دواجار لەبەردەم دادوەرو یاسادایەو جەختیکردەوە، هەمیشە
ویستویەتی یاسا سەروەربێت.
ناوبراو هێرشی توندیکردەسەر شێوازی لێکۆڵینەوەکەو وتی،
"فەرمانی گرتنی من لەسەر داوای لایەنێکی ئەمنی دەرچوو لەکاتێکدا من شوێنم دیارەو
ملکەچی یاسام؛ ئەگەر بمویستایە ڕێککەوتنم لەدەرەوە دەکردو نەدەهاتمە دادگا، بەڵام
بڕیاری چارەنوسی ئێمە دەمێکە دراوە".
لاهور شێخ جەنگی بەتەواوی ئاگاداریی خۆی لەبونی قەناس بەرامبەر
دەباشان ڕەتکردەوەو لەڕوی کۆمەڵایەتیو سیاسییەوە هاوکێشەکەی ڕونکردەوەو وتى،
"من بەپۆڵادم وت ئەگەر هەوڵی کودەتایەک لەئارادابێت، دەبێت هێرۆخان وەک دایکمان
بپارێزینو نەهێڵین کەس بچێتە ناو دەباشانەوە، من دوو تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە هەر
ناناسم، چۆن دەبێت لەیەکەم بینیندا پلانی ئاوا هەستیاریان لەگەڵ باسی بکەم؟ ئەمە عەقڵو
مەنتق نایبڕێت".
ناوبراو لەکاتێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە لەلێکۆڵینەوەدا بەوتنی
ئەوەی مەیتخانە پڕ بوە لەتەرم لەشەڕی لالەزاردا کاریان لەسەر دەرونی کردوە، پەیامێکی
بڕیاردەرانەی ئاڕاستەی دادگا کردو وتی، "ئەگەر دەیسەلمێنن ئەم وتانەی لێکۆڵینەوە
هی منەو وامکردوە، با من لەسێدارە بدرێمو ئەوانی دیكه ئازادبکرێن."
پۆڵاد جەنگی: لەژورێکی سارددا بەحەپو مۆرفین پەنجەمۆریان
پێکردم
وتەکانی پۆڵاد شێخ جەنگی ئاستی ههڕهشهكانى ناو زیندانی
ئاشکراکرد؛ ناوبراو ڕایگەیاند، وتەکانی لێکۆڵینەوە هی ئەو نین، چونکە ئەو توانای
خوێندنەوەی زمانی کوردی نییەو سەرهڕای داواکارییەکانی، نە پارێزەری بۆ دانراوەو نە
کەسێکی متمانەپێکراو وتەکانی بۆ خوێندوەتەوە.
پۆڵاد وتویهتى، "تا شەوی هێرشەکە بۆسەر لالەزار
ئاگاداری هیچ نەبومو ئەو شەوە بەدوو فیشەک لەڕانو قاچمەوە برینداربوم، من چەکو
درۆنم لەهەولێرەوە نەهێناوە."
پۆڵاد شێخ جەنگی پەردەی لەسەر شێوازی وەرگرتنی وتەکانی
لای پۆلیسی لێکۆڵینەوە لاداو ئاشکرایکرد، "پێش وتە لێوەرگرتن، پێش کاتژمێرێک
حەپو مۆرفینیان پێدابوم، بردیانمە شوێنێکی یەکجار سارد کە سپلێتیان بەسەرمەوە داگیرساندبوو،
بەزۆر پەنجەمۆرو ئیمزایان پێکردمو پێیان وتم ئەگەر پەنجەمۆر نەکەیت لەسەرت دەکەوێت،
تۆمەتبارانی پێش منیش بەئەشکەنجە وتەیان پێگۆڕاوە".
پۆڵاد جەنگی دوپاتیکردەوە، "کاک لاهور تەنها پێی
وتوە هەوڵی کودەتا هەیەو دەبێت هێرۆخان بپارێزیت، من کوڕی باوکی خۆممو درۆ بۆ کەس
ناکەم، داواش دەکەم دادگا مۆبایلەکەم وەربگرێتەوە، چونکە لەدەرەوەی ئیرادەی من بەکاردەهێنرێت."
ئهوهشى وت، "بافڵ تاڵەباتی لەزیندان هات بۆلام وتی، زانیومە هەوڵی كودەتا هەبوە، بهڵام تۆ ئامادەبویت دایكم بپارێزی، پێشی وتم دکتۆرت ناوێت بۆت بنێرم؟".
ڕێبوار حامید: ئامانجەکە (بافڵ تاڵەبانی) لەناو دوربینی
قەناسەکەمدا بوو بەڵام نەمویست بیپێکم
لای خۆشیەوە، تۆمەتبار ڕێبوار حامید حاجی غالی لایەنێکی
دیكهى ڕوداوەکەی درکاندو وتەکانی لاهور شێخ جهنگى پشتڕاستکردەوە کە وتوویەتی،
"ماڵی مام جەلال کودەتایان بەسەردا دەکرێتو نابێت بهێڵین هێرۆخان هیچی لێبێتو
دەبێت بیپارێزین".
ڕێبوار بونی هێزێکی بەناوی دووپشک ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند،
لەوکاتەی لەلالەزار بوە لەگەڵ ئەژی ئەمین، باسی چەمکی پلانو کودەتا نەکراوە، بەڵام
لەشوقەیەکدا دوو قەناسی دەقیق (کە توانای بڕینی سێ ئەوەندەی دوریی دیاریکراویان هەبوو)
لەگەڵ یەک درۆندا بینیوە.
ڕێبوار دانپێدانانێکی یەکجار قورسی لەبەردەم دادوەردا تۆمارکردو
وتی، "من گوێم لەلاهور شێخ جهنگى نەبوە بڵێت پلانی تیرۆر هەیە، بەڵکو خۆم لەدۆخەکە
تێگەیشتم، لەوکاتەدا، ئامانجەکە (مەبەست لێی بافڵ تاڵەبانییە) ڕێک لەناو دوربینی قەناسەکەمدا
بوو، بەڵام نەمپێکا، چونکە خۆم نەمویست بیپێکمو بۆ ئەوەی ڕێگریی لەکارەساتیش بکەم،
قەناسی دوەمیشم (قەناسی ڕێبوار قودرەت)م تێکدا بۆ ئەوەی ئەویش نەتوانێت ئامانجەکە
بپێکێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، مێژوو و بەرواری وردی ڕوداوەکەی
بەتەواوی لەبیر نییە.
