شارپرێس ـ تایبهت:
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای سلێمانی تایبەت بەدۆسیەی دەستگیرکراوانی "لالەزار"، پێشهاتو دانپێدانانی یەکجار هەستیارو کتوپڕی بەخۆیەوە بینی، سەرچاوەیەک لهتیمى پارێزهرانى ئهو كهیسه بۆ شارپرێس ئاشکرایکرد، تۆمەتبار ڕێبوار حامید حاجی غالی لەبەردەم دادوەردا، بەفەرمی دانی بەوەداناوە کە پڕۆسەکە هەوڵێکی ئاشکرای کودەتا بوە، بەڵام جەختیکردوەتەوە کە لاهور شێخ جەنگی ئهوى ڕانهسپاردوهو پێشى نهوتوه ههوڵێى لهو شێوه ههیه.
بهگوێرهى زانیارییەکانی سەرچاوەکە بۆ شارپرێس، ڕێبوار حامید لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕایگەیاندوە، "لاهور شێخ جەنگی هەرگیز داوای لێنەکردوم بافڵ تاڵەبانی تیرۆر بکەم یان باسی پلانی کودەتای لەگەڵ کردبێتم، بەڵکو تەنها پێی وتم بچمە نێو شوقەکەوە تا بزانم چی هەیەو چی نییە".
وهكو سهرچاوهكه لهزارى ڕێبوار حامى حاجى غالیهوه گێڕایهوه "لە ناو شوقەکە ڕاستییەکان گۆڕان؛ بەجۆرێک وتی، کاتێک چومە ئەوێ، کەس ڕاستەوخۆ پێی نەوتم پلانەکە چییە، بەڵام من خۆم لەوێ بەتەواوی زانیمو تێگەیشتم کە هەوڵێکی کودەتا لەئارادایە."
تۆمەتبارەکە لەدرێژەی وتەکانیدا هۆکاری پاشەکشهكردنى خۆی لەجێبەجێکردنی پلانەکە ڕونکردوەتەوەو وتویهتى، "کاتێک زانیم کودەتایە، ویستم بەشداری تێدانەکەمو کارەکە ڕاگرم؛ تەنانەت لەو ماوەیەدا بافڵ تاڵەبانی ڕێک لە ناو نیشانەی قەناسەکەمدا بوەو دەمتوانی تەقەی لێبکەم بەڵام تەقەم لێنەکردو بۆ پەکخستنی تەواوی پڕۆسەکەش، قەناسی ڕێبوار قودرەت-یشم تێکدا بۆ ئەوەی ئەویش نەتوانێت تەقە بکات".
لەلایەکی دیکەشهوە، دانیشتنەکەی دادگا ڕوبەڕوبونەوەی تۆمەتەکانی بەرامبەر بەئەندامانی دیكهى بنەماڵەکەش گرتەوە؛ سەرچاوەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەدا کە کاتێک دادوەر تەواوی تۆمەتەکانی ئاڕاستەی پۆڵاد شێخ جەنگی کردوە، ناوبراو بەتەواوی سەرجەمیانی ڕەتکردوەتەوەو جەختیکردوەتەوە، ئەو تۆمەتانە دورن لەڕاستییەوەو هیچ بنەمایەکیان نییە.
