شارپرێس:
ئاوات جەناب نوری وەزیری داراییو ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە"لوتکەی ئابوریی سلێمانی بۆ گەشەپێدانو وەبەرهێنان"، هێرشی توندیکردەسەر سیاسەتە داراییەکانی حکومەتی فیدراڵی لەبەغداو ڕایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر بەپشکی بودجەی هەرێم دەکرێت، ڕێک درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە بەرامبەر بەگەلی کوردستان پەیڕەودەکرا، وەزیری دارایی هاوکات پەیامێکی توندی ئاراستەی ناوخۆی هەرێم کردو ڕایگەیاند، "داوا لەیەکێتییو پارتی دەکەم لەکەلی شەیتان بێنە خوارەوەو پێکەوە لەبەغدا بەرگریی لەمافەکانی گەلی کورد بکەن".
وەزیری دارایی ئاشکرایکرد، "پشکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتیدا دەبێت 14.14٪بێت، بەڵام بەداخەوە بەغدا بەپێچەوانەی سەرژمێرییو ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتوان، پشکەکەی بە 12.68٪ دیاریکردوە؛ ئەمەش کێشەی سەرەکیو بنەڕەتیی نێوان هەردولایە، چونکە لەچوارچێوەی ئەم زوڵمه داراییەدا، زیاتر لە500 هەزار کەس لەدانیشتوانی هەرێم بەناوی ئاوارهوه ئەژمارنەکراونو بێبەشکراون".
ئاوات شێخ جەناب وردەکاریی زیاتری لەسەر شێوازی بڕینی پشکی هەرێم خستەڕوو ئاماژەی بەوەکرد، "35٪ بۆ 40٪ی پشکی هەرێم لەژێر ناوی "خەرجییە سیادییەکان"دا دەبڕدرێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەخەرجییە سیادییەکان هیچ سودمەند نابێتو لەخەرجیی حاکیمەش (پێداویستییە سەرەکییەکان) بەتەواوی بێبەشدەکرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەنادادییەکی دیکەی بەغدا کردو وتی، "کاتێک عێراق قەرزی دەرەکی دەکات ئێمە هیچ سودمەند نابین، بەڵام لەکاتی دانەوەی قەرزەکاندا دەبێت هاوبەشی عێراق بکەینو لەپشکی ئێمە دەبڕدرێت."
سەبارەت بەچارەسەری کێشەی موچەش، وەزیری دارایی جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێم بەفەرمی داوایکردوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە ناو چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانەوە تا هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مانگانە بەبێ دەستکاریی بنێردرێتو پێویستە موچەخۆرانو خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی عێراق بنو کۆتایی بەو جیاوازییە گەورەیەی ئێستا بهێنرێت.
وەزیر لەکۆتایی قسەکانیدا دوپاتیکردەوە، "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی عێراقمان جێبەجێکردوە، بەڵام لەبەرامبەردا هیچ مافێکی یاساییو دارایی خۆمان لەبەغدا نابینینەوە، بۆیە پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێنو یەکدەنگبن لەبەرامبەر بەغدا، بهتایبهت داوا لەیەکێتییو پارتی دەکەین لەکەلی شەیتان بێنە خوارەوەو پێكهوه لهبهغدا بهرگریى لهمافى گهلى كوردستان بكهن."
