پەرلەمانتارانی سوریا ڕەخنە لەمێینەکردنی خوێندن دەگرن‌و داوای لێدانی قوتابیان دەکەن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا لەسەرتاسەری جیهاندا بەرزبونەوەی ڕێژەی ژنان لەناوەندەکانی بڕیار، حوکمڕانی‌و بەتایبەت کەرتی پەروەردە وەک شانازیی، پێشکه‌وتن‌و پێوەرێکی باڵای شارستانییەت سەیردەکرێت، لەسوریای هاوچەرخدا ئەم واقیعە وەک نەنگی‌و عەیبە دەبرێتە ناو هۆڵی پەرلەمان‌و دەکرێتە بابەتێکی گەرمی هێرشکردنەسەر ڕەگەزی مێینە؛ مشتومڕێکی پاشکەوتوانە کە تێیدا پەرلەمانتاران زۆربونی مامۆستایانی ژن بەهۆکاری لاوازبونی نەوەکان دەزانن‌و لەبەرامبەریشدا تەواوی سستمە پەروەردەییەکە‌و وەزیری ئامادەبوو بەبێدەنگییەکی شۆکهێنەرو بێوەڵام، تەسلیمی ئەم تێڕوانینە دەبن.


لەکاتێکدا قوتابخانەکانی سوریا ڕوبەڕوی هه‌ڕه‌شه‌ى زۆر قورس بونەتەوە، لەنێویاندا دابڕانی نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ لەخوێندنی بنەڕەتی، کەمیی کادیرو وێرانبونی ژێرخان بەهۆی شەڕی زیاتر لە 13 ساڵەوە، دانیشتنی ئەنجومەنی گەلی سوریا (پەرلەمان) کە تایبەتكرابوو بەتاووتوێکردنی واقیعی خوێندن، ڕۆژی سێشەممە وەرچەرخا بۆ مشتومڕێکی تەواو جیاواز؛ پەرلەمانتارێک ڕەخنەی لەوەگرت کە ناوی نا "مێینەکردنی خوێندن"و پێیوابوو، زۆریی مامۆستای ژن کەسایەتیی قوتابیان لاواز دەکات‌و یەکێکی دیکەش داوایکرد لێدانی قوتابیان بکرێت بەیاسایی، ئەم دوو لێدوانە دەنگدانەوەو ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.

سەرەتای كۆبونه‌وه‌كه‌ بەلێدوانی پەرلەمانتار محەمەد ئیبراهیم زوعبی دەستیپێکرد، کاتێک ڕەخنەی لەبەرزبونەوەی ڕێژەی مامۆستایانى ژن لەناوه‌نده‌كانى قوتابخانه‌و په‌روه‌رده‌ گرت، بەتایبەت لەقۆناغی سەرەتایی‌و ناوەندیدا.

زوعبی ئەم واقیعەی بەستەوە بەلاوازبونی کەسایەتیی منداڵەوەو وتی:"ئەمە هێز بەکەسایەتیی قوتابی نابەخشێت، چونکە منداڵ لەم قۆناغەدا پێویستی بەوێنەی مامۆستای پیاو هەیە تا کەسایەتییەکی بەهێز بەدەستبهێنێت".

ناوبراو داواشیکرد، ڕێگە بەپیاوان‌و تەنانەت خانەنشینانیش بدرێت بگەڕێنەوە ناو کەرتی پەروەردە تا "هەیبەتی" قوتابخانەکان بگەڕێتەوە، دوای توندبونی ڕەخنەکانیش لەسەر هێڵە کۆمەڵایەتییەکان، پەرلەمانتارەکە لەڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند، قسەکانی بڕدراون‌و ئەو دژی کاری ژنان نییە.

لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتار ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل داوایکرد، ڕێگە بەلێدانی قوتابیان بدرێتەوە لەناو قوتابخانەکاندا به‌گوێره‌ى "کۆمەڵێک مەرج".

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمودەی پێغەمبەرایەتی‌و ڕوانگەی ئیسلامی هەن کە ڕێگە بەبەکارهێنانی سزای جەستەیی دەدەن بۆ تەمبێکردنی منداڵ کاتێک دەگاتە تەمەنی 10 ساڵان، نەک لاساییکردنەوەی "تیۆرییە ڕۆژئاواییەکان"، بەڵام وەزیری پەروەردە کە لەدانیشتنەکەدا ئامادەبوو، ئەم پێشنیازەی بەتەواوی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، "لێدان تەنها ئاژەڵ ماڵی دەکات، بەڵام پەروەردە ناکات، پەنابردن بۆ لێدانیش نیشانەی شکستی مامۆستاو سیستەمی پەروەردەیە."

ئەم مشتومڕە پەرلەمانییە لەکاتێکدایە کە ژمارە ڕاستەقینەکان کارەساتبارن؛ وەزیری پەروەردە ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەو منداڵانەی لەخوێندن دابڕاون گەیشتوەتە نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی بەهۆی بارودۆخی ئابوریی، کۆمەڵایەتی‌و تێکچونی قوتابخانەکان لەکاتی شەڕدا.

ئەم زانیارییه‌ش لەکاتێکدایە کە وەزارەتى په‌روه‌رده‌ ئاشكرایكردوه‌، ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنی شەش ملیۆن قوتابی لەمساڵداو کار لەسەر گەڕاندنەوەی 14 هەزار مامۆستای جیاکراوە دەکات، هاوكات ڕه‌خنه‌گرانیش پێیانوایه‌، لەجیاتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە گەورانە، پەرلەمان خۆی بەپرسی ڕەگەزی مامۆستاو شەرعییەتی لێدانی قوتابیانەوە سەرقاڵکردوە.

لە سووریایەکدا کە لەم قۆناغە هەستیارەدا تەواوی جیهان چاوی بڕیوەتە سەر گۆڕانکارییەکانی، غەریبترین دیمەنی نێو لوتکەی دەسەڵات لە پەرلەمانەوە نمایش دەکرێت؛ لێرەدا لە جیاتی داڕشتنی یاسای مۆدێرن، پەرلەمانتاران بەپێی دەقە شەرعییەکان شه‌ڕ دژی زۆربوونی ژمارەی مامۆستایانی ژن و فەرمانبەرانی ڕەگەزی مێینە دەدەن و کەرتی خوێندن دەبەنەوە ناو بازنەی ڕابردوو. کێشەکە تەنها لەم تێڕوانینە پیاوسالارانەیەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بێدەنگیی شۆکهێنەری وەزیری پەروەردە لە ئاست ئەم هێرشانە و نەدانی هیچ وەڵامێکی ڕوون و توند بە پەرلەمانتاران، دەیسەلمێنێت کە دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات لە نێوان دروشمی جیهانیی هاوچەرخ و واقیعی ناوخۆیی پاشەکشێدا، لە ناو قەیرانێکی قووڵی کلتووری و پێناسەییدا دەژین.