شارپرێس:
کاتێک هاوکێشەی دەسەڵات لەئیسرائیلدا دەگاتە سەر لێواری
داڕوخانو ژمارەی کورسییەکانی حکومەت لەکۆی پێویستی پەرلەمانی (61 کورسی) کەمتر دەبێتەوە،
غەریبترینو ئاڵۆزترین یاساکانی کنێسێت دێنە کایەوە بۆ پاراستنی حکومەتی کەمینە؛ بەجۆرێک
کە ئەزمونی مێژویی حکومەتەکەی "بێنێت-لاپید" سەلماندی کە کشانەوەی کتوپڕی
پەرلەمانیو لەدەستدانی زۆرینە بەواتای ڕوخانی دەستبەجێی کابینەکە نایەت، چونکە تەڵەی
یاسایی "متمانە لێسەندنەوەی بونیاتنەر" ڕێگە بەئۆپۆزسیۆن نادات دەسەڵات
لابدات مەگەر لەسەر بەدیلێکی کامڵ ڕێکبکەون، ئەمەش واقیعی سیاسیی ئیسرائیل دەخاتە
نێوان مۆتەکەی پارتە بچوکەکانو مەحاڵبونی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی جێگیر.
میدیاى ئیسرائیلى ئاماژهى بهوهكردوه، ئایا لەدەستدانی
زۆرینە بەواتای ڕوخانی ڕاستەوخۆی حکومەتی ئیسرائیل دێت؟ ههر خۆیشیان وهڵامیان
داوهتهوهو دهڵێن، ئەزمونی (بێنێت-لاپید) دەریدەخات کە بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە،
چونكه لەسیاسەتی ئیسرائیلدا، تەنها ئەوە بەس نییە کە پارتەکان بتوانن 61 پەرلەمانتار
کۆبکەنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو ههڕهشه هەرە سەختەکە ئەوەیە کە بتوانن ئەو
پەرلەمانتارانە پێکەوە بهێڵنەوە.
ئەی چی ڕودەدات کاتێک ژمارە 61 دەست بەکەمبونەوە دەکات؟
ڕەنگە پەرلەمانتارێک بکشێتەوە، یان پارتێک لەهاوپەیمانێتییەکە
بێتە دەرەوە، یان یەکێک لەشەریکەکان ڕەتبکاتەوە دەنگ بەیاسایەکی بنەڕەتیی حکومەت
بدات، لەپڕێکدا، زۆرینەیەکی کەم دەگۆڕێت بۆ کەمینە، بەڵام جێگەی سەرنجە کە لەدەستدانی
ژمارە 61 لایەنی کەم بەواتای ڕوخانی دەستبەجێی حکومەت نایەت، لێرەشەوە یەکێک لەغەریبترین
تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسیی ئیسرائیل دەستپێدەکات.
لەساڵی 1949وە: هیچ حکومەتێک لەیەک پارت پێکنەهاتوە
لەدوای یەکەمین هەڵبژاردن لەساڵی 1949وە، هیچ پارتێکی ئیسرائیلی
بەتەنها نەیتوانیوە 61 کورسی لەکنێسێت بەدەستبهێنێت، بۆیە حکومەتە هاوپەیمانییەکان
بونەتە بەشێکی سەرەکیو بنەڕەتی لەسیستەمی سیاسیی ئیسرائیلدا.
لەگەڵ هەر هاوپەیمانێتییەکدا، پێویستیی ڕێککەوتن لەنێوان
ئەو پارتانەدا دێتە پێشەوە کە ڕەنگە ناکۆکی قوڵیشیان هەبێت لەسەر پرسەکانی ئایینو
دەوڵەت، ئابوریی، ئاسایش، ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستینو خودی سروشتی دەوڵەتەکە.
هەرچەندە ژمارەی پارتە بەشداربوەکان زیادبکات، بەرژەوەندییە
دژبەیەکەکان زیاد دەکەن کە دەبێت ڕێکبخرێن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە کاتێک زۆرینە کەمدەبێتەوە،
هەر ناکۆکییەک دەبێتە مەترسییەکی کوشندە، ئەم کێشەیەش تەنها لەڕۆژی پێکهێنانی حکومەتدا
دەرناکەوێت، بەڵکو بەدرێژایی تەمەنی کابینەکە بەردەوامدەبێت.
پێنج هەڵبژاردن.. یەک قەیران
لەنێوان نیسانی 2019و تشرینی دوەمی 2022دا، ئیسرائیلییەکان
پێنج جار چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان: لەنیسانی 2019، ئەیلولی هەمان ساڵ، ئاداری
2020، ئاداری 2021و پاشان تشرینی دوەمی 2022، هۆکاری هەموو خولەکان وەک یەک نەبوو،
بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە یەک شت بوو ئهویش، قورسیی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ
زۆرینەیەکی هاوپەیمانیی جێگیر.
بهگوێرهى دهستورى ئیسرائیل، دەنگدەر دەتوانێت کنێسێت
هەڵبژێرێت، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو پارتانەی دەچنە ناو پەرلەمانەوە
بتوانن لەسەر حکومەتێکی بەردەوام ڕێکبکەون، لێرەشدا حکومەتەکەی (نەفتالی بێنێتو یائیر
لاپید) هات تا ڕونترین تاقیکردنەوە بۆ هێزی ژمارە 61 پێشکەش بکات.
لە61وە بۆ 60... پاشان 59
حکومەتەکەی بێنێت دوای هەڵبژاردنی 2021 لەهەشت پارتی دور
لەیەک لەڕوی ئایدۆلۆژیاوە پێکهات کە لیستی عەرەبیی یەکگرتوشی تێدابوو، پشتی بەزۆرینەیەکی
یەکجار کەم بەستبوو، 61 کورسی لەکۆی 120 کورسی.
چاودێران پێیانوایه، ئەمە خۆی لەخۆیدا دەستکەوتێکی سیاسیی
گەورە بوو، پارتەکانی ڕاستڕەو، ناوەڕاست، چەپو پارتێکی عەرەبی لەسەر پێکهێنانی یەک
حکومەت ڕێککەوتنو کۆتاییان بەقەیرانێکی سیاسیی هێنا کە چەندین خولی خایاندبوو، بەڵام
هاوکێشەکە خێرا دەستی بەتێکچون کرد؛ لەنیسانی 2022دا، پەرلەمانتار (ئایێلێت سیلمان)
لەهاوپەیمانێتییەکە کشایەوەو کورسییەکانی حکومەت بوو بە 60 کورسی، پاشان لەحوزەیراندا،
(نیر ئۆرباخ) کە ئەویش لەپارتی (یەمینە) بوو، ڕایگەیاند، چیتر بەشێک نییە لەهاوپەیمانێتییەکە،
بەمەش پشتیوانیی حکومەت بۆ 59 کورسی پاشەکشهیکرد، سەرەڕای ئەوەش، حکومەت نەڕوخا،
بۆچی؟ چۆن حکومەتێک دەتوانێت بەبێ زۆرینەی پەرلەمانی بەردەوامبێت؟
لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر پرسی "متمانە لێسەندنەوەی
بونیاتنەر"؛ بهگوێرهى دهستورى ئهو وڵاته، ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت حکومەت بڕوخێنێت
تەنها بەکۆکردنەوەی دەنگی دژ لەدژی، بۆ ئەوەی لەمتمانە لێسەندنەوەدا سەرکەوتوبن، دەبێت
زۆرینەی ئەندامانی کنێسێت بۆ پشتگیریکردنی حکومەتێکی بەدیلی تەواو کۆبکەنەوە کە سەرۆک
وەزیران، پێکهاتەی وزاریو هێڵە گشتییەکانی سیاسەتەکەی دیاریکرابێت.
ئەمەش تێڕوانینێکی سەیر دروستدەکات، دەکرێت حکومەت زۆرینەکەی
لەدەستبدات، بەبێئەوەی ئۆپۆزسیۆن خاوەنی زۆرینەیەکی بەدیل بێت، ئەمەش ڕێک ئەو شتە
بوو کە لەحوزەیرانی 2022دا ڕویدا.
لە 20ی حوزەیراندا، حکومەتەکەی بێنێت لەدوو هەوڵی متمانە
لێسەندنەوە ڕزگاری بوو، بەئەنجامی 57 دەنگ بەرامبەر 52 دەنگ لەهەردوکیاندا، ئەمەش
بەهۆی ئامادەنەبونی چەند ئەندامێکی لیستی هاوبەش، لەهەمان ڕۆژدا بێنێتو لاپید ڕایانگەیاند،
هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی هاوپەیمانێتییەکە بێئنجام بوەو بەرەو هەڵوەشاندنەوەی کنێسێت
دەچن، حکومەت 61 کورسیی نەبوو، بەڵام لەدەسەڵاتدا مایەوە، چونکە نەیارەکانی نەیانتوانیی
لەسەر بەدیلێک ڕێکبکەون.
کاتێک حکومەت دەبێتە کەمینە
ئەو حکومەتەی خاوەنی 59 کورسییە لەڕوی تیۆرییەوە دەتوانێت
بمێنێتەوە، بەڵام زیاتر ڕوبەڕوی شکستدەبێتەوە لەناو پەرلەماندا، ئەمەش لەحاڵەتەکەی
بێنێت-لاپیدا دەرکەوت، هاوپەیمانێتییەکە ڕوبەڕوی قورسییەکی زۆر بوەوە بۆ تێپەڕاندنی
یاساکانو توشی زنجیرەیەک قەیرانو جیابونەوە بوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەی بەردەوامبونی
حکومەتەکە تێچوی لەکۆتاییپێهێنانی زیاتر بوو.
لەکۆتاییدا، حکومەتەکە بەدەنگدانی متمانە لێسەندنەوە نەڕوخا،
بەڵکو بێنێتو لاپید خۆیان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کنێسێتیانداو پەرلەمان دواتر ڕەزامەندی
لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ لەتشرینی دوەمی 2022دا دەربڕیی.
ئایا پارتە بچوکەکان کێشەکەن؟
چاودێرانى سیاسیى باس لهوهدهكهن، ئاسانە بوترێت پارتە
بچوکەکان هۆکاری ناسەقامگیرین، بەڵام ڕاستییەکە ئاڵۆزترە، چونكه سیستەمی هەڵبژاردنی
ڕێژەیی ڕەنگدانەوەی دابەشبونەکانی ناوخۆی ئیسرائیلە لەناو کنێسێتدا، ئایینیو عەلمانی،
حەریدیو نەتەوەیی ئاینی، ڕاستڕەوو ناوەڕاستو چەپو ئەو پارتانەی نوێنەرایەتیی
هاوڵاتیانی عەرەب دەکەن، جیا لەناکۆکییە قوڵەکان لەسەر ئاسایش، پرسی فەڵەستین،
ئابورییو پێگەی ئایینو دەوڵەت.
بەرزکردنەوەی ڕێژەی یەکلاکهرهوه بۆ 3.25٪ لەساڵی
2014دا، هەوڵێکبوو بۆ ڕێگریکردن لەپارچەپارچەبونو هاندانی پارتە بچوکەکان بۆ هاوڕێیەتیو
هاوپەیمانێتی، بەڵام نەیتوانی ئەو دابەشبونە سیاسییو کۆمەڵایەتییانە نەهێڵێت کە پێویستیی
هاوپەیمانێتی بەرهەمدەهێنن، لێرەشدا هاوکێشە غەریبەکە دەردەکەوێت؛ هەرچەندە سیستەمەکە
ڕێگە بەنوێنەرایەتیی ڕەوتە جیاوازەکان بدات، پەرلەمان دەبێتە دەنگی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە،
بەڵام کۆکردنەوەی سەرجەم ئەم ڕەوتانە لەژێر چەتری یەک حکومەتدا قورستر دەبێت
