ئایا پەیوەندییەک لەنێوان ئیسرائیل‌و سەردانەکەی جێنشینی سعودیە بۆ قاهیرەدا هەیە؟

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو گفتوگۆیانەی کە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە لەقاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر، ئەنجامیدان، تیشکیانخستەسەر پاڵپشتیی ئازادی‌و ئاسایشی گەشتی دەریایی لەگەروی بابولمەندەب‌و دەریای سوردا، به‌گوێره‌ى بەیاننامەی فەرمیی کۆتایی کۆبونەوەکە، قاهیرە پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سەرجەم ڕێکارەکانی سعودیە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی شانشینەکە دوپاتکردوەتەوە.


ئەم سەردانە لەکاتێکدا دێت کە سعودیە ڕوبەڕوی یەکێک لەقورسترین قەیرانە ئابورییەکانی بوەتەوە؛ چونکە دوای ئەوەی نەیتوانیی نەوتەکەی لەڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردە بكات، پێشڕەوییەکانی حوسییەکان لەیەمەن بەرەو گەروی بابولمەندەب بوە هۆی داخرانی ئەم گەروەش بەتایبەت بەڕوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سعودیەدا، ئەمەش هاوکاتبوو لەگەڵ لێدانی ئەو هێڵە سەرەکییەی بۆریی نەوت کە ڕۆژهەڵاتی سعودیە بەدەریای سورەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی ئەم دۆخەوە، کۆمەڵێک پرسیار لەلایەن چاودێرانەوە لەسەر هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم سەردانە دەوروژێنرێن‌و چەند سیناریۆیەک بۆ ئەوەی لەقاهیرەدا ڕویداوە دەخرێنەڕوو.

پاڵپشتیی سەربازیی
زۆرینەی چاودێران پێیانوایە کە بن سەلمان بەمەبەستی داواکردنی پاڵپشتیی سەربازیی میسر لەڕوبەڕوبونەوەی حوسییەکاندا چوەتە قاهیرە، بەتایبەت کە ئازادیی گەشتی دەریایی لەگەروی بابولمەندەب دۆسیەیەکی ژیانییە بۆ میسر، چونکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەداهاتەکانی کەناڵی سوێسەوە، کە به‌گوێره‌ى ئامارەکانی بانکی ناوەندیی میسر، داهاتەکەی لەساڵی 2024/2025دا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا دابەزیوەو تەنها 3.62 ملیار دۆلاری تۆمارکردوە.

هەروەها چاودێران باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان میسرو سعودیەو لێدوانەکانی پێشوی سەرۆک سیسی کە هەمیشە دەڵێت، ئاسایشی سەرخان (کەنداو) بەشێکە لەئاسایشی نەتەوەیی میسر، هۆکارێکی گرنگن بۆ ئەم داواکارییەی ڕیاز، بەڵام لەبەرامبەردا، میسر هەمیشە پارێزگاریی‌و تێبینیی زۆری لەسەر ناردنی هێزەکانی بۆ دەرەوەی وڵات هەیە، بەتایبەت بۆ یەمەن کە یادەوەریی خراپی لەنێو ڕیزەکانی سوپای میسردا جێهێشتوە، جیالەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانە نوێیەکانی سعودیەش (وەک پاکستان‌و تورکیا) ئامادەنەبون ڕۆڵی سەربازیی لەم شەڕەدا بگێڕن، ئەمەش واتا تێوەگلانی میسر لەسەر زەوی بەو مانایەیە کە بەتەنها لەپاڵ سعودیەدا دەمێنێتەوە.

ناوبژیوانیی دیپلۆماسی
ئەو لێدوانە نوێیانەی حوسییەکان کە تێیدا پەرۆشیی خۆیان بۆ پاراستنی کەناڵی سوێس‌و پەیوەندیی لەگەڵ میسرییەکان دەربڕیوە، وای لەبەشێک لەچاودێران کردوە بڵێن، ئەگەری هەیە سعودیە داوای ڕۆڵێکی دیپلۆماسی لەمیسر بکات نەک سەربازیی، بەشێوازێک کە قاهیرە ببێتە ناوبژیوان بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسیی بۆ قەیرانەکە لەگەڵ حوسییەکاندا.

سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی هاوکاریی‌و هاوپەیمانێتییەکان لەناوچەکەدا (ڕەهەندی ئیسرائیل)
لەلایەکی دیکەوە چاودێران به‌پێویستى ده‌زانن بەدیدێکی فراوانتر سەیر باری دۆخەکەو ئەو ڕوداوانە بکرێت کە دەورەی ئەم سەردانەیان داوە؛ چونکە پێیانوایه‌، ئەم سەردانە تەنها هەفتەیەک دوای ئەو کۆبونەوەیە دێت کە لەلایەن براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبەرلین ڕێکخرابوو، تێیدا سەرۆک ئەرکەکانی سوپای وڵاتانی ئیسرائیل، سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین، کوێت، قەتەر، ئوردن و میسر بەشدار بوون. ئەگەر شێخی جێنشینی سعوودیە پێشتر پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردبێت و داوای دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکای لەم شەڕەدا کردبێت و لایەنی ئەمریکی ڕەتی کردبێتەوە، ئەوا ناوبراو دوای کۆبوونەوەکەی بەرلین و ڕێک پێش سەردانەکەی بۆ قاهیرە، پێشوازی لە براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کردبوو. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵێک پرسیار دروست دەبن کە ئایا ئەم سەردانەی میسر هەنگاوێکە بۆ هاوئاهەنگی یان پاڵپشتییەکی ئەگەریی ئیسرائیل لەڕوبەڕوبونەوەی حوسییەکاندا؟ بێگوێدانە ئەوەی کە ئەم هەنگاوە چ جۆرە شێوازێک لەخۆ دەگرێت‌و ئایا لەقاهیرەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم ڕێڕەوەدا ئەنجامدراوە یان نا.

له‌كۆتاییشدا چاودێرانى سیاسیى جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌رئەوەی، پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی نێوان سعودیەو یەمەن، تەواوی ناوچەکەی نەک تەنها سعودیەو یەمەن، خستوەتە بەردەم وەرچەرخانێکی گەورەو گرنگ لەسەر ئاستی جۆری هاوپەیمانێتی‌و شێوازەکانی هاوکاریی نێوان هێزە هەرێمییەکان.