قالیباف گاڵتە بەبڕیارێكى ئه‌مریكا ده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1874 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەلوتکەی تەقینەوەی گرژییەکانی بازاڕی وزەو ئابوریی جیهاندا، تاران بەتوندی هێرشدەکاتەسەر بڕیارە دراوییەکانی واشنتۆن‌و سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش بەشێوازێکی گاڵتەجاڕانە بڕیارە نوێیەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سود بە"بێسودو بێکاریگەر" لەقەڵەمدەدات؛ قالیباف ڕاستەوخۆ هاوکێشە داراییەکانی ئەمریکای بەستەوە بەواقیعی سەربازیی ناوچەکەوەو ڕایگەیاند، بەرزکردنەوەی ژمارەکان لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە نە دەتوانێت بەربەستی داخرانی گەروی ستراتیژیی هورموز بشکێنێت‌و نە یەک بەرمیل نەوتی زیادەش بۆ بازاڕەکان دابیندەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بازاڕە جیهانییەکان بەهۆی مەترسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەرزبونەوەی هەڵاوسانەوە، لەناو شۆکێکی دارایی قوڵدا دەژین.


محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گاڵتەجاڕیه‌وه‌ وتى، "بڕیارە پڕ ژاوەژاوەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (یەدەگی فیدراڵی) سەبارەت بەبەرزکردنەوەی نرخی سود، ئەم هەنگاوە لەبەرامبەر واقیعی ئابوریی جیهاندا بێکاریگەرو بێسود دەبێت".

قالیباف لەلێدوانێکدا هێرشیکردەسەر واشنتۆن‌و وتی، "با ببینین ئایا بانکی یەدەگی فیدراڵی دەتوانێت لەڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی سودەوە، گەروی هورموز بکاتەوە یان تەنانەت یەک بەرمیل نەوتی زیادەش بەرهەمبهێنێت؟".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێشترو لەپێگەی خۆی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی گاڵتەجاڕانەی بڵاوکردەوە کە تێیدا تیشکی خستبوەسەر بەرزبونەوەی پێوانەیی‌و توندی نرخی سوتەمەنی لەناوخۆی ئەمریکادا، وەک ئاماژەیەک بۆ قوڵبونی لێکەوتەکانی قەیرانی وزە لەسەر جومگە ئابورییەکانی ئەمریکا.

ئەم هێرشە کتوپڕەی تاران لەکاتێکدا دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، پێویستە نرخی سود لەوڵاتەکەیدا نزمترین بێت لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش ڕێک پێش بەڕێوەچونی کۆبونەوەی ستراتیژیی دیاریکردنی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ململانێ سیاسییەدا، بازاڕە جیهانییەکان شایەتی شەپۆلێکی بەرفراوانی فرۆشتنی قەرزە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بون، چونکە تەقینەوەی گرژییە سەربازیی‌و سیاسییەکان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەتە هۆی بەرزبونەوەو جێگیربونی نرخەکانی نەوت لەبازاڕەکاندا، ئەم دۆخە مەیدانییەش پێشبینیی توندی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستکردوە کە دڵنیان بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچاردەبێت نرخی سود بەرزتربکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردن‌و جڵەوکردنی ڕێژەی هەڵاوسانی دارایی.