شارپرێس:
لەلوتکەی چڕبونهوهی گرژییە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاران گەورەترین مانۆڕی سەربازییو کەرنهڤاڵی جهماوهریى لەپایتەختهكهى ڕادەگەیەنێتو گهوره فەرماندەیهكى سوپای پاسدارانیش هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی واشنتۆن دهكاتو دهڵێت، "تاکە چارەسەر بۆ دورکهوتنهوه لەپێکدادان، چونەدەری کتوپڕی هێزەکانی ئەمریکایە لەناوچەکە، چونکە تاران ناوەندی سەرەکیی بڕیاردانی هێزە هاوپەیمانەکانیهتى".
عەمید حەسەن حەسەن زادە فەرماندەی فەیلەقی (محەمەد ڕەسول الله)ى سوپای پاسداران لەتاران، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ههینى ههموو دونیا شایەتی گەورەترین مانۆڕو کۆبونەوەی جهماوهریى دەبێت لەتاران کە تێیدا دۆستو دوژمنان هێزی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی دەبینن.
عەمید زادە ئاماژەی بەوەکردوه، "ئێران ئەمڕۆ لەچاو پێش شەڕی 12 ڕۆژەو شەڕی ڕەمەزان، لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هەر جۆرە کاردانەوەو وەڵامدانەوەیەک، نزیکەی 33 ملیۆن هاوڵاتیی ئێرانی ناوی خۆیان لەدەستپێشخەریی (ڕۆحم فیدایە) بۆ بەرگریکردن لەوڵاتەکەیان تۆمارکردوە، مێژوش سەلماندوویەتی گەلی ئێران لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژیدا، یەکڕیزییەکەی چەند بەرامبەر دەبێت".
سەبارەت بەئەمریکاو ئیسرائیل فەرماندەکەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەوان پێشتر وایان دەزانێ لەماوەی چەند ڕۆژێکدا ئێران دەشکێننو هەوڵی تێکدانی سەقامگیرییان دەدا، بەڵام وهكو وتویهتى، "ئەمڕۆ هاوکێشەکە گۆڕاوە؛ ئێستا ئەمریکییەکان ناچارن تەنها بیر لەپاراستنی خۆیانو کەرەستە سەربازییەکانیان بکەنەوە؛ بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا ئەم ناوچەیە جێبهێڵن، چونکە تاران بەناوەندی سەرەکیی بڕیاردانی هێزە هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا دادەنرێت".
عەمید حەسەن زادە ڕونیکردەوە، ئێران لەچوارچێوەی ستراتیژییەکی بەرگریدا بۆ پاراستنی بەها، گەلو خاکەکەی دەجوڵێتەوەو خاوەنی لێهاتوییەکی تەواوە بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی واشنتۆنو ئیسرائیل، ئهوهشى وت، "دوژمن ڕەنگە بتوانێت هێرشبکاتەسەر چەند سەنتەرێکی ئێمە، بەڵام ناتوانێت هێرشبکاتەسەر توانای فیکری، گەشەی زانستیو وزەی گەنجانمان، ئێمە خاوەنی چەندین توانای سەربازیی دیكهین کە هێشتا تەنها بەشێکی بچوکمان بەکارهێناوەو ئەگەر پێویست بکات لهسهر دوژمن تاقیدەکەینەوە".
ئهو فهرماندهیهى پاسداران ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی یەمەنی کرد کە توانیویانە ئیرادەی خۆیان بەسەرکەوتویی بسەپێنن، وتیشى، "فاکتەری سەرەکی لەبەرەی مقاوهمه، ئیمانی هێزهكانه بەسەرکەوتن کە یەمەن ئەمەی سەلماند؛ بۆیە سەرکهوتنی هەر پێکهاتەیەکی ئەم بەرەیە، بەسەرکەوتنی تەواوی بهرهكه دادەنرێتو لەداهاتوشدا ئیرادەی گەلان بەسەر زلهێزەکاندا سەردەکەوێت".
