حوسیه‌كان هێرشیانكرده‌سه‌ر مه‌ككه‌؟ ڕێبه‌رى حوسیه‌كان قسه‌یه‌كى جیاوازى كرد

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێبەری بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن تەواوی ئەو تۆمەتانەی سعودیە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە مەکكەیان کردوەتە ئامانج‌و وەک "درۆی سەدە" وەسفیدەکات بۆ داپۆشینی شکستەکان؛ ناوبراو تیشکدەخاتەسەر ئەوەی کە هاوپەیمانییەکە زیاتر لەدوو هه‌زار مزگەوت‌و سەنتەری سڤیلی لەیەمەن بەسەرپەرشتیی پسپۆڕانی ئەمریکی، ئیسرائیلی‌و بەریتانی بۆردومانکردوە.


عەبدولمەلیک حوسی ڕێبەری بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن جه‌ختیكرده‌وه‌، تۆمەتی بەئامانجگرتنی مەککە چەواشەکاری، درۆیەکی گەورە، بوختان‌و درۆی سەدەیە.

جەختیکردەوە، "وڵاتی ئیمان‌و گەلی یەمەن مەحاڵە پیرۆزییەکان بکەنە ئامانج یان قبوڵی بکەن دەستدرێژییان بکرێتەسەر، بەڵکو مەککەی پیرۆزو شوێنە پیرۆزەکان بەگیان‌و ماڵ فیدا دەکەن".

ڕێبەری حوسییەکان ڕونیکردەوە، دەسەڵاتی سعودیە تەواوی تواناکانی خۆی لەبواری ڕاگەیاندندا بەکاردەهێنێت بۆ شێواندنی وێنەکەو شەرعیەتدان بەتاوانەکانی‌و تێوەگلاندنی لایەنەکانی دیکە لەم دەستدرێژییەدا، هاوكات بۆ داپۆشینی شکست‌و بێتواناییەکانی خۆی لەمەیدانی جەنگدا.

لەم چوارچێوەیەدا، حوسی ئاشکرایکرد، دەستدرێژکاری سعودی زیاتر لەدوو هه‌زار مزگەوتی لەیەمەن بۆردومانکردوە كه‌ لەنێویاندا مزگەوتی شوێنەواریی وا هەن دەکەونە قوڵایی خاکەکەوە نەک لەبەرەکانی جەنگدا، جیا لەبەئامانجگرتنی ناوەندی حەوانەوەی نابینایان لەسەنعا، گۆڕستانەکان‌و شوێنەوارە مێژوییەکان.

ئەو جەختیکردەوە، ئەم تاوانانە سیاسەتێکی نەگۆڕی هاوپەیمانییەکەیەو بزوتنەوەکەیان بەڵگەو دۆکیۆمێنتی تەواوی لەسەر هەیە کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان‌و نەتەوەیەکگرتوەکانیشەوە دانیان پێدانراوە.

ئاماژەی بەوەدا کە دوژمن بەفڕۆکەو بۆمبی ئەمریکی شەڕدەکات‌و ئەوانەی لەمەیدانەکەدا سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن پسپۆڕانی ئەمریکی، ئیسرائیلی‌و بەریتانین، ئه‌و پێیوابوو، لایەنی سعودی هەوڵدەدات ئەوانە بخاتە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لەپه‌یامه‌كه‌یدا بۆ خەڵکی باشوری یەمەن، عەبدولمەلیک حوسی جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەوان نەکراونەتە ئامانج‌و جەختیکردەوە، بۆردومانەکان تەنها ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە هێزەکانی سعودیەی تێدا کۆکراونەتەوە.

ڕێبەری بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ڕەخنەی لەو دەوڵەت‌و ڕژێمانە گرت کە "بۆ شوێنە پیرۆزەکان دەگریان، بەڵام چاویان لەئاست ئەو نەهامەتییانە داخستوە کە بەسەر گەلی فەڵەستین‌و مزگەوتی ئەقسادا دێن".

ڕونیکردەوە، دوژمنی ڕاستەقینەو ڕاستەوخۆی پیرۆزییەکان دوژمنی ئیسرائیلییە کە نەخشەی بیروباوەڕو لێدوانەکانی لەسەر دابڕینی مەککەو مەدینە، زەوتکردنی فەڵەستین‌و بەشێکی بەرفراوان لەخاکە عەرەبییەکان بونیادنراوە.

هەروەها ئامادەییی خۆی نیشاندا بۆ جوڵانەوە وەک هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسیانه‌ى ئیسرائیل دروستیكردون، جەختیشى لەسەر چەسپاوی هەڵوێستەکەیان کردەوە بەرامبەر بەدۆسیە سەرەکییەکە کە بەرگریکردنە لەفەڵەستین‌و پیرۆزییەکان‌و داواکاریی ڕاستەوخۆش ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی سعودیەو لادانی گەمارۆکانە.

عەبدولمەلیک حوسی، داوای لەگەلی یەمەن کرد کە بۆ ڕەتکردنەوەی بوختان‌و هەڵبەستراوەکانی سعودیە، بەشێوازێکی بەرفراوان کۆببنەوەو بڕژێنەسەر شەقامەکان.