ئیتاڵیا ده‌ستیكرد به‌جوڵاندنى هێزی دەریایی به‌ره‌و بابولمەندەب‌

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا تەقینەوەی شەڕو پێشڕەوییە مەیدانییەکانی حوسییەکان لەکەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن، شادەماری گواستنەوەی دەریایی جیهانی لەگەروی بابولمەندەب بەتەواوی بەرەو پەککەوتن بردوە، ڕۆما هاته‌سەر هێڵی گرژییەکان‌و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جووڵاندنی هێزە دەریایی‌و کەشتییە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بەرەو ناوچەکە ڕاگەیاند؛ هۆشداریی توندییشیدا کە پەککەوتنی ئەم ڕێڕەوە وێڕای هاوشێوەبونی لەگەڵ قەیرانی گەروی هورمز، بازاڕەکان توشی شۆک دەکات‌و نرخەکان لەسەر خێزانەکان بەرزدەکاتەوە، بۆیە وڵاتەکەی بەبێ چاوەڕوانکردنی سستیی بڕیارە کارگێڕییەکان، دەستبەجێ هێزی سەربازیی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی‌و ڕێگریکردن لەداڕوخانی ئابورییەکەی دەنێرێتە نێو دڵی ململانێکان.


گویدۆ کرۆسیتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، بڕیاریداوە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بەرەو گەروی ستراتیژیی بابولمەندەب بجوڵێنێت، تا گەرەنتیی تێپەڕبونی ئارام‌و بێ مەترسیی کەشتییە بازرگانییەکانی ئیتاڵیا بکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا بەهۆی قوڵبونەوەی شەڕو پێکدادانەکانی یەمەنەوە گەیشتوەتە ئاستی پەککەوتن.

کرۆسیتۆ لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندێکی دەریاییدا تیشکیخستەسەر لێکەوتە داراییەکانی گرژییەکانی کەناری ڕۆژئاوای یەمەن لەسەر سیستەمی لۆجستیی جیهانی‌و وتی، "دۆخی سەختی بابولمەندەب کە هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی هورمز، زیانی ڕاستەوخۆ بەبازاڕەکان دەگەیەنێت، ئێمە ڕێگەنادەین سستیی بڕیارە کارگێڕییەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، چونکە پەککەوتنی ئەم ڕێڕەوە دەبێتە هۆی گرانبونی کاڵاو بەرزبونەوەی نرخەکان لەسەر خێزان‌و کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا؛ بۆیە پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی واتا پاراستنی هێزی کڕینی هاوڵاتیانمان".

به‌گوێره‌ى ئاژانسی دەنگوباسی ئیتاڵی (ئەنسا)، وەزیری بەرگریی ئاماژەی بەوەشکردوە، هێشتا ژمارەی کۆتایی کەشتییە جەنگییە نێردراوەکانی دیارینەکردوەو بڕیاری کۆتایی لەگەڵ حکومەت‌و پەرلەماندا دەدەن.

ئەم پەرەسەندنە نێودەوڵەتییە دوای ئەوەدێت کە نەخشەی سەربازیی ناوخۆی یەمەن لەماوەی هەفتەی ڕابردودا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؛ حوسییەکان توانیویانە لەکەناراوەکانی ڕۆژئاوا پێشڕەویی خێرا بکەن‌و کۆنترۆڵی چەندین ناوچەی ستراتیژی لەپارێزگاکانی حودەیدەو تەعەز بکەن، لەنێوانیاندا شاری (مۆخا)و دورگەی (مەیون) کە ڕێک دەکەوێتە ناو جەرگەی گەروی بابولمەندەبەوە.

ئەم پێکدادانە توندانە کە لەسەرەتای تەمموزی ئه‌مساڵه‌وه‌ دەستیانپێکردوەو لەم مانگی ئەیلولەدا گەیشتونەتە لوتکە، وەک بەرفراوانترین شەڕی مەیدانی لەدوای ئاگربەستی ساڵی 2022 لەقەڵەمدەدرێن.