ئه‌مریكا ورده‌كاریى كشانه‌وه‌ى له‌عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3744 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق پێدەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەو هێڵە گشتییەکانی نەخشەی نوێی جێگیربونی ئەو هێزانە لەناوچەکەدا ئاشكرادەبن، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بەتۆڕی فەرمیی ئه‌ى بى سى نیوزى وڵاته‌كه‌ى ڕاگەیاندوە، تەواوی ئەو هێزانەی لەعێراق دەکشێنەوە، سەرلەنوێ لەئوردن‌و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیردەکرێنەوە.


به‌گوێره‌ى وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، کشانەوەی چاوەڕوانکراو بەواتای کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی سەربازیی ئێستای ئەمریکا دێت لەعێراقدا.

وتوشیه‌تى، "پرۆسەکە تەنها گواستنەوەی سەربازان نییە، بەڵکو تەواوی کەرەستە سەربازییە قورسەکان، لەنێویشیاندا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەتەواوی لەعێراق دەکشێنرێنەوە".

هۆشداریشیدا کە بنکەی "دژەتیرۆر" لەهەولێر بەهۆی پاشەکشێ‌و نەمانی مەترسییەکانی گروپى تیرۆریستى داعش، گرنگیی ستراتیژیی پێشوی خۆی بەتەواوی لەدەستداوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، کە واشنتۆن‌و بەغدا دوای تەواوبونی پرۆسەی کشانەوەکە، دەست بەدانوستاندنی نوێ دەکەن بۆ گەیشتن بەڕێککەوتننامەیەکی نوێی هاوکاریی ئەمنیی دوقۆڵی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی پێشوتری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کە تێیدا جەختیکردبووەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لەعێراق به‌گوێره‌ى خشتەی کاتیی ڕێککەوتن له‌سه‌ر كراو تا کۆتایی مانگی ئەیلول واته‌ ئه‌م مانگه‌ جێبەجێدەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەی گشتیی فەرمانیداوە بەپێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی شێوازی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر بنەمای هاوسەنگی‌و هاوشانی، دوای کۆتایی ئەم مانگە پەیوەندییەکان دەبنە هاوکاریی تەواوکاری لەنێوان دولایەنی یەکساندا.