شارپرێس:
ئەندامێكى دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانو سەرۆکی وهفدى دانوستانکاری حزبەکە لهگهڵ یهكێتیى، چەندین زانیاریی نوێی لەبارەی دۆسیەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ئاشکرادهكات، ڕاشیدهگهیهنێت، "پارتیو یەکێتیی گەیشتونەتە دیدگایەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی حکومڕانیو ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بۆ پێکهێنانی حکومەتو کاراکردنەوەی پەرلەمانیش هەواڵی دڵخۆشکەر لەڕێگهیه".
هۆشیار زێباری لەدیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ میدیای نزیك لهحزبهكهى ئاشکرایکردوه، "لەماوەی ڕابردودا زنجیرەیەک کۆبونەوەی ئەرێنی لەسەر هەردوو ئاستی سیاسییو ئەمنی بەڕێوەچون؛ بەتایبەتی دیداری نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری، تێیدا زۆر بەڕاشکاوی قسەیانکردوەو گلەییو تێبینییەکانی خۆیان ڕوبەڕوی یەکتر كردوهتهوه".
سەرۆکی وهفدى دانوستانکارى پارتى جەختیکردەوە، هەردوو حزب هەستیان بەو بەرپرسیارێتییە کردوە کە ئیتر کات لەبەرژەوەندیی دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێدا نییەو ئەوەی لەم قۆناغەدا ماوەتەش تەنها یەکلاییکردنەوەی بڕیاری ئاستی باڵای هەردوو حزبەکەیە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان".
سەبارەت بەشێوازی حکومڕانیو دابەشکردنی پۆستەکان، زێباری ڕونیکردوهتهوه، ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆکان ماوەتەوە، لەبەرچاوگرتنی سەنگی هێزو قەبارەی ڕێژەیی هەر لایەک شایستە بەدەنگەکانیەتی لەوەرگرتنی بەرپرسیارێتیو پۆستە وەزارییەکاندا.
ئهوهشى وتوه، "بژاردەی فەرمیی پارتی بریتییە لەپێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان، بەڵام یەکێتیی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوەو ئەزمونی حکومڕانیی هاوبەشمان پێکەوە هەیە، بۆیە لەبەرژەوەندیی گشتیی هەرێمه ئەم دوو هێزە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەت بن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە لەهیچ حزبو لایەنێکی دیکەی دەرەوە نەگیراوە بۆ بەشداریکردن لەکابینەی نوێدا، بەڵکو دەرگا کراوەیە تا بهگوێرهى قەبارەی دەنگەکانیان لەپرۆسەکەدا هاوبەش بن".
