چوار هۆکاری سەرەکیی تەقەتەقی ئەژنۆ

تەندروستی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 38 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کرتە یان تەقەتەقی ئەژنۆ شتێکی باوە و بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس"ئەگەر لەگەڵیدا ئازار، هەڵئاوسان یان ناڕەحەتی نەبێت، مەرج نییە نیشانەی کێشەیەکی تەندرووستیی بێت. ئەم دەنگانە زۆرجار لە جومگەی نێوان سابوونە و ئێسکەپەیکەری ڕان ڕوودەدەن.

چوار هۆکاری سەرەکیی کرتەی ئەژنۆ:
 جووڵەی سروشتیی جومگە: لەکاتێکدا ئەژنۆ دەنوشتێنیتەوە یان درێژی دەکەیتەوە، کڵاوەی ئەژنۆ دەجووڵێت. گۆڕانی پەستان لە شلەی جومگەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی دەنگی تەقەتەق، بەتایبەت دوای دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژ. لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2025 لەسەر زیاتر لە 36000 کەس ئاشکرای کردووە کە نزیکەی 41%ی خەڵکی ئەم دەنگانەیان هەیە.

 سیندرۆمی ئازاری جومگەی کەشکۆڵە و ڕان: بەهۆی پەستانی بەردەوامەوە ڕوودەدات و دەبێتە هۆی ئازار لە بەشی پێشەوەی ئەژنۆ. بێزاربوونی ئەم ناوچەیە ڕێگری لە جووڵەی نەرمی سەرە ئەژنۆ دەکات و دەنگی لێوە دێت. وەرزشی بەهێزکردنی ڕان و سروشتدەرمانی دەتوانن ئازارەکە کەم بکەنەوە.

 داخورانی جومگەکان: بەهۆی ڕووشان و تێکچوونی کڕکڕاگەی پشت کڵاوەی ئەژنۆ بەپێی تێپەڕبوونی کات ڕوودەدات، کە دەبێتە هۆی زبری لە جووڵەدا. وەرزشکردن و بەهێزکردنی ڕان یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی نەرمی جومگەکە.

 زیادەجووڵەی جومگە: شلبوونی بەستەرەکانی ئەژنۆ بەهۆی بۆماوەیی، پێکان یان ڕاهێنانی زۆرەوە، ڕێگە بە کڵاوەی ئەژنۆ دەدات بە شێوازێکی نەگونجاو بپەڕێت و دەنگ دروست بکات.

سەردانی پزیشک پێویستە ئەگەر تەقەتەقەکە لەگەڵ ئازار، هەڵئاوسان، سووربوونەوە، گەرمبوون، قورسبوونی وەستان لەسەر قاچ یان قوفڵبوونی ئەژنۆدا بێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی