بەهۆی هێرشی حوسییەکان سعودیە هەناردەی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی ئەوروپا رادەگرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە لانیکەم دوو کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی لە ئەوروپا ئاگادار کردۆتەوە کە مانگی داهاتوو شایستە نەوتییەکانیان پێنادرێت. ئەم بڕیارەش دوای ئامانجگرتنی هێڵی بۆڕی ستراتیژیی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا" دێت لە شاری ڕیاز.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەو کۆمپانیایانەی ئاگادارکردنەوەکەیان پێگەیشتووە، بەپێی پەیماننامەی درێژخایەن مانگانە نەوتی خاوی سعودییەیان پێدەگەیشت، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە بۆ مانگی داهاتوو ئەو بەشە نەوتەیان بۆ دابین ناکرێت.
هەفتەی ڕابردوو سعودییە هێڵی بۆڕی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا"ی دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان داخست. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا هێڵەکە بەشێوەیەکی بەشەکی کارەکانی دەستپێبکاتەوە و لە ماوەی 6 هەفتەدا بە تەواوی بکەوێتەوە کار.
پێشتر سەرچاوە ئەمنیی و نەوتییەکان ئاماژەیان بە زیانگەیشتن بە 2 وێستگەی پۆمپکردن کردبوو، بەڵام شیکارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز بۆ وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریکردووە کە زیان بەر 3 وێستگە کەوتووە.
ئەو پاڵاوگە ئەورووپییانەی نەوتی سعودییە دەکڕن، زیاتر لە ڕێگەی بەندەری "سیدی کریر"ی میسری لەسەر دەریای ناوەڕاست پشکەکانیان وەردەگرن.
 پێشبینی دەکرێت هەر کەمبوونەوەیەکی نوێ لە هەناردەی نەوتی سعودییە، گوشارەکانی سەر بازاڕی جیهانیی وزە زیاد بکات، بێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی و زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە بازاڕە داراییەکاندا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی