لەژێر ناوی "پاراستنی خێزان" حکومەتی تورکیا هەڵمەتێکی فراوان دژی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازیی و ڕێکخراوەکانی پشتیوانیان دەستپێدەکات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانیان دژی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازیی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیی لەو چینە دەستپێکردوە، بەشێوەیەک بەپێی سەرچاوە مافپەروەرییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی بە بڕیاری دادگا بە شێوەی کاتی دەستبەسەر کراون گەیشتۆتە 62 کەس لە چوار شاری جیاوازدا، لەوانە 28 کەس لە مێرسین، 13 لە ئەنقەرە، 16 لە ئیزمیر، و 5 کەس لە ویلایەتی ئایدن.

 
ئەم دەستگیرکردنانە بەشێکە لە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بە ناوی "خێزانەکەم ئارامە" دەستی پێکرد. ئاکین گۆرلەک، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە 162 گومانلێکراو و 9 کۆمەڵە و 13 دابینکەری بازرگانی لە 15 پارێزگادا بەردەوامە، هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (MASAK) لێکۆڵینەوە لە هاوکارییە داراییە دەرەکییەکان دەکات کە بۆ ئەم ڕێکخراوانە نێردراون.

ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی فرەوانتری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیادایە کە ساڵانی 2026-2035ی وەک "دەیەی خێزان و دانیشتووان" دەستنیشان کردووە. ئەردۆغان دا بەزینی ڕێژەی پیتاندنی بۆ 1.48 منداڵ بۆ هەر ژنێک وەک "مەترسییەکی بوونگەرایی" وەسف کردووە و بزووتنەوەی بەرگریکار لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازییی بە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر خێزان و دیمۆگرافیا تۆمەتبار کردووە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکارە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە مێرسین، کە بریتیین لە "Muammer" و "Mersin 7 Rengi"، دەستیان پێکردووە. وەزارەتی داد ڕێنمایی داوەتە دادوەرانی هەموو 81 پارێزگاکە تا لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکە "نەشیاوەکان" بکەن. جگە لەمەش، ئۆپراسیۆنەکە بۆتە هۆی دەستبەسەرکردنی 106 خۆپیشاندەر لە ئەستەنبوڵ، لەوانە چەندین ڕۆژنامەنوس و چالاکوان.

دەسەڵاتداران هەروەها 14 ماڵپەڕ و 186 هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بلۆک کردووە، لەوانەش هەژماری فەرمی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە تورکیا. لە بەرامبەردا، ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک "ILGA Europe" و "Front Line Defenders" و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا ئەم هەڵمەتەیان وەک هێرشێکی ڕێکخراو بۆ سەر ئازادییەکان و مافی مەدەنیی شەرمەزار کردووە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوان دەکەن.