ماوەی پڕکردنەوەی زانکۆلاین درێژکرایەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 205 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر پڕکردنەوەی زانکۆڵاین بۆ دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی درێژکرایەوە، دەشڵێت تاوەکوو ئێستا 70%ی دەرچوانی ئەمساڵ داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەشکردوە.


وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوازدەی ئامادەیى، بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆرمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردوەتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین 48 کاتژمێری دیکە، واتە تا کاتژمێر 12ی شەوی شەممە ڕێکەوتى (2026/9/26) بۆ دەرچوانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی درێژ بکرێتەوە.

ئەوەشیخستەڕوو، لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى ئەمساڵ، کە بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕ بکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن.

 وەزارەتی خوێندنی بالا ڕونیشیکردەوە، دەرچوانى قوتابخانە و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بە هەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 کاتژمێرەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕ بکەنەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشیدەگەیەنێت،" ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆرمى زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە، پێویستە لە ماوەى ئەو 48 کاتژمێرەدا پەلە بکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین ".