ئەگەرى بە بەڵقان بوونى عێراق؛ خوێندنەوەیەک بۆ دیداری ترامپ و زەیدی لە واشنتن

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 73 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سروشتی دیدارەکە بە شێوەی پڕۆتۆکۆلییەکەی خۆی سەرنجی زۆری ڕاکێشا، چونکە شێوەی دانیشتنەکە تا ڕادەیەک نامۆ و جیاواز بوو. ترامپ لە ناوەڕاستدا دانیشتبوو و لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی ئەمریکا دەورە درابوو؛ لەوانە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی و سەرۆکی فەرمانبەرەکانى کۆشکی سپی. لە بەرامبەردا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەنیا دانیشتبوو و تەنها وەرگێڕی تایبەتی لەگەڵ بوو.

ئەم شێوە دانیشتنە وەک نیشانەیەک لە جەختکردنەوەی واشنتۆن لەسەر پەیامە ڕاستەوخۆ و فشارە سیاسی و ئەمنییەکان بۆ سەر حکومەتی عێراق لێکدراوەیەوە.

درێژکردنەوەی کاتی چارەسەرکردنی پرسی ڕادەستکردنى چەک یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی دیدارەکە بوو بەو پێیەى لایەنی عێراقی نەیتوانی یەکەم پابەندیی خۆی، کە پەیوەندی بە لەناوبردنی چەکی میلیشیا چەکدارەکان بوو تا ٣٠ی ئەیلوول، بە تەواوی جێبەجێ بکات. لە هەمان کاتدا، کاتێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە دیاریکرا و بەرواری ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ وەک دوا واودە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە دیاریکرا.

بۆچی واشنتۆن هێشتا پشتگیری دەکات؟

سەرەڕای درێژکردنەوەی ماوەی کاتەکە واشنتۆن بە شێوەیەکی مەرجدار بەردەوامبوونی پشتگیرییەکانی بۆ حکومەتی عێراق دووبارەکردەوە. بەپێی ئەوەی مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند، ترامپ پابەندییەکانی پێشووی خۆی دووپات کردووەتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.

لە هەمان کاتدا، ئەمریکا وەک سەرەتا بە دەمەوە هاتنى هەندێک کەسایەتى سیاسی و ڕادەستکردنى چەکى هەندێک لەمیلیشیاکانى وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لێکداوەتەوە، ئەگەر چی بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندنی مەیدانی، پرۆسەی ڕاستەقینەی چەک ڕادەستکردنەکە هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.

ئاگادارکردنەوە لە بە بەڵقان بوونى عێراق

بەرپرسانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەردەوامبوونی نفووزی میلیشیاکان و هەبوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەتوانێت ڕێگا بۆ زیادبوونی ململانێی نەتەوەیی، مەزهەبی و سیاسی خۆش بکات.

لەم دیدەوە، سیناریۆی بە بەڵقان بوونى عێراق ئەگەرى ڕوودانى هەیە و تەنها مەترسییەکی ئەمنی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە پرۆسەیەک بۆ دابەشبوونی دەسەڵات و کۆمەڵگەی عێراق بەسەر ناوچە و هێزە چەکدارە جیاوازەکاندا.

ئەگەر بەڵێن و پابەندییە نوێکان لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ئەم سیناریۆیە دەتوانێت ببێتە یەکێک لەو مەترسییە سەرەکییانەی کە لە داهاتوودا لێکەوتەى لەسەر پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا و هەروەها لە ناوخۆی عێراق، دەبێت.