سیپان حەمۆ له‌هۆشدارییه‌كى تونددا: ئەگەر گەلی کورد لەسوریا پەراوێزبخرێت مێزەکە بەسەر هەمواندا وەرده‌گێڕین

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی سیاسیى‌و سەربازیی زۆر هەستیاردا کە پاشەڕۆژی ناوچەکە سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە، سیپان حەمۆ جێگری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات لەڕێگەی گۆڤاری ‌فۆرین پۆلسی‌ی ئەمریکییەوە پەیامێکی توند ئاڕاستەی نەیارانى ڕۆژئاوا دەکات؛ حەمۆ جەختدەکاتەوە، بڕیاری پێکهاتەی کوردی بۆ یەکگرتنەوە لەژێر چەتری دەوڵەتدا، وەک بژاردەیەکی ستراتیژیی ناچاریی بەهۆی فشارە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەکانەوە هاتوە، بەڵام هۆشداریشدەدات کە پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانی گەلی کورد هێڵی سورەو لەئەگەری هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنەوە، مێزەکە بەسەر هەمواندا وەرده‌گێڕن.

 

هاوکێشەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای پڕۆسە نوێیەکانی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان پێدەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، سیپان حەمۆ جێگری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ گۆڤاری Foreign Policyی ئەمریکی، پەردەی لەسەر بنەماکانی ڕێککەوتنی نوێی نێوان پێکهاتەی کوردی‌و دەوڵەتی سوریا لادا.

حەمۆ جەختیکردەوە، "ئەم یەکگرتنەوەیە لەئێستادا بوەتە سەرچاوەیەکی گەورەی هێز کە پێگەی دەوڵەت‌و گرنگییەکەی لەقۆناغی گواستنەوەی سیاسیى وڵاتەکەدا بەتەواوی بەهێزترکردوە".

جێگری وەزیری بەرگریی ئاماژەی بەبونی لێکتێگەیشتن‌و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەوڵەتی سوریا لەم قۆناغەدا کرد، بەڵام بەئاشكرا ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە نیشتمانییە مەرجدارە؛ بەجۆرێک کە دەبێت بەدیهێنانی ئاسایشی ڕاستەقینەو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ گەلی کورد لەناو بنەما سەرەکییەکانی پاشەڕۆژدا جێگیربن.

حەمۆ لەمیانی لێدوانەکەیدا، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی هەندێک لایەن‌و تاقمی ناوخۆیی کرد کە بەوە وەسفیکردن "لەڕوی سیاسیى‌و بیروباوەڕەوە (ئایدۆلۆژی) بەردەوام ڕەنگی خۆیان دەگۆڕن".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ئەم لایەنانە لەڕابردودا بەشێکبون لەمیراتی باوی حزبى بەعس‌و دواتر چونە ناو ڕیزەکانی گروپى تیرۆریستیی داعش‌و دەیانەوێت ئەمڕۆش کەشێکی نوێی پەراوێزخەرانە دروستبکەن؛ بەجۆرێک کە هێما کوردی‌و نیشتمانییەکان بکەنە ئامانج‌و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە دژی یەکتر هانبدەن بۆ تێکدانی دەرفەتەکانی ئاشتی".

سیپان حەمۆ لەکۆتایی وتەکانیدا بۆ گۆڤارە ئەمریکییەکە، بەتۆنێکی یەکجار توندو یەکلاکەرەوە هۆشداریداو ڕایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەین گەلی کوردمان لەسوریا ببێتە ئامانجی قۆستنەوەی ئەم‌و ئەو، ئەگەر پێویست بکات مێزەکە بەسەر هەمواندا وەرده‌گێڕین، ئێمە لایەنگری ئاشتین‌و پێویستە لەسەر هەموانیش بەوردی ئاگاداری هەنگاوەکانی خۆیان بن؛ چونکە پاراستنی دەستکەوتەكانى گه‌لى کورد لەسوریا هێڵی سورەو بەچەک‌و خوێن پارێزگاریی لێدەکرێت‌و ناتوانرێت هیچ جۆرە سازشێکی لەسەر بکرێت".