پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەقەبارەی 200 ترلیۆن دینارو بەهەمیشەییکردنی یەک ملیۆن کەس دەگاتە پەرلەمان

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق پەردە لەسەر قورسترین بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 لادەدات‌و ڕایدەگەیەنێت، قەبارەی گشتیی بودجەکە نزیکەی 200 ترلیۆن دینارە؛ به‌گوێره‌ى بڕیارە فەرمییەکانیش کە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەگاتە دەست ئەندامانی پەرلەمان، زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەری گرێبەست‌و کاتیی لەسەرتاسەری وڵاتدا بەبێ مەرجی خزمەتی پێشوو، دەخرێنە سەر میلاکی هەمیشەیی، هاوکات دڵنیاییش دەدرێت کە موچەی گشتیی فەرمانبەران بەتەواوی پارێزراوە.


هەنگاوە یاسایی‌و داراییەکانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو دەچنە قۆناغی یەکلاکەرەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ لیژنەی دارایی لەپه‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایکرد، پڕۆسەی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا لەقۆناغەکانی کۆتاییدایەو چاوەڕواندەکرێت لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا واته‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌، بگاتە پەرلەمان، به‌گوێره‌ى داتا فەرمییەکانیش، قەبارەی گشتیی ئەم بودجە گه‌وره‌یه‌ نزیکەی 200 ترلیۆن دیناری عێراقی دەبێت.

لژنەی دارایی وردەکاریی دابەشبونی بودجه‌ى خستوەتەڕوو ده‌ڵێت، "خەرجییە بەردەوامەکان (موچەو پێداویستییەکان) بڕی 150 ترلیۆن دینار، پڕۆژەو بەرنامەکانی گەشەپێدان، بڕی 50 ترلیۆن دینار".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، نوێکاریی سەرەکی لەم بودجەیەدا ئەوەیە کە جەخت لەسەر فراوانکردنی "بودجەی بەرنامەو ئەدا" دەکاتەوە؛ بەجۆرێک کە تەواوی خەرجییە داراییەکانی دەوڵەت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامانج‌و ئەنجامە ڕاستەقینەکانی سەر زەویدا گرێبدرێنەوە تا پێش بەبەهەدەردانی سامانەکان بگیرێت.

یەکێک لەخاڵە هەرە گرنگ‌و پڕبایەخەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، بڕیاری بەهەمیشەییکردنی نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری گرێبەست‌و کاتییە لەسەرجەم وەزارەت، فەرمانگەو پارێزگاکانی عێراقدا (کە هەرێمی کوردستانیش به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکان دەگرێتەوە)، ئەم هێزە مرۆییە گەورەیە بەفەرمی‌و بەبێ هیچ مەرجێکی خزمەتی پێشوو، ڕاستەوخۆ دەخرێنەسەر میلاکی هەمیشەیی دەوڵەت.

لەسەر لایەنی نەرێنیی بودجەکە، ئەندامانی لیژنەی دارایی هۆشداریدەدەن کە پێشبینیدەکرێت کورتهێنانی دارایی بگاتە 65 ترلیۆن دینار، لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەکە دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتیان کە سەرەڕای تێبینییەکانیان لەسەر سەرچاوەی داهات، خەرجییەکان‌و نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام نەوت هێشتا وەک سەرچاوەی سەرەکی دەمێنێتەوەو موچەی سەرجەم فەرمانبەران بەتەواوی پارێزراوو دابینکراوەو هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.