شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا کە ڕەهەندی یاساییو کارگێڕیی لەخۆدەگرێت، ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکە لەڕێگەی تەلەفزیۆنی فهرمى سوریاوە ئاشکرایکرد، فەرماندەی پێشوى گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و ڕاوێژكاریى سهرۆكایهتى ئێستاى كۆمارى سوریا، داوایەکی فەرمیی بۆ ڕاستکردنەوەی ناوەکەی پێشکەشکردوە؛ بهگوێرهى بڕیاری دادگا، لەمەودوا ناوی ناوبراو بەفەرمی لەتەواوی تۆمارو ناسنامە فەرمییەکانی دەوڵەتدا وەک مەزڵوم جێگیرکراوە.
پرۆسەی ڕێکخستنەوەی کارگێڕییو ناسنامە فەرمییەکان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا هەنگاوی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکە لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی (تەلەفزیۆنی سوریا) ڕایگەیاند، فەرماندەی پێشوى گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) فەرهاد عەبدی شاهین، داوایەکی یاسایی بۆ ڕاستکردنەوەی ناوەکەی (تصحیح اسم) پێشکەش بەلایەنە دادوەرییو کارگێڕییەکان کردوە.
جێگری پارێزگار ڕونیکردەوە، دوای تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان لەفەرمانگەی باری کەسێتیو شارستانی، داواکارییەکە پەسەندکراوەو ناوەکەی لەسەرجەم تۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بەفەرمی وەک "مەزڵوم عهبدى جێگیرکراوە، ئەم هەنگاوە یاساییە لەکاتێکدادێت کە ناوبراو لەسەرتاسەری جیهانو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا زیاتر بەناوی خەمڵێندراوی سەربازیی خۆی واتە (مەزڵوم عەبدی یان کۆبانێ) دەناسراو جێگیرکردنی ناوەکە لەتۆمارە فەرمییەکانی دەوڵەتدا وەک هێمایەک بۆ فەرمیکردنی پێگەی سیاسیىو یاسایی ئەو لەقۆناغی نوێی وڵاتەکەدا تەماشا دەکرێت.
ناوی ڕاستەقینەو فەرمیی پێشوی، (مستەفا خەلیل عەبدی) بوو، بەناوی (فەرهاد عەبدی شاهین) یان ناوی ڕێکخراوەییو سەربازیی خۆی وەک (شاهین جێلۆ)و (مەزڵوم کۆبانێ)ش ناسراوە، دوای پێشکەشکردنی داوای یاسایی بۆ ڕاستکردنەوەی ناوەکەی لە لایەن دەسەڵاتە دادوەرییەکانەوە، ناوی لێهاتوییو سەربازییەکەی کە لەناوەندە جیهانیو میدیاییەکاندا پێی دەناسرایەوە، بەفەرمی لەتۆمارو بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەتدا لەبری ناوی پێشوی وەک (مەزڵوم عەبدی) جێگیرکرا.
