شارپرێس:
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەهۆی پێشبینیی بارانی بەهێز، هەموو تیمەکانی خستە ئامادەباشی و دەڵێت، سلێمانی بۆ بارانەكان ئامادەیەو داوا لەهاوڵاتیان دەکات لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بەژمارە 100 بکەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەڕاگەیەندراویكدا بڵاویكردەوە، بەپشتبەستن بەڕاپۆرتەکانی کەشناسی و پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی بارانی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی شارەوانیی سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو.
دەشڵێت، ئەم هەنگاوە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانە.
شارەوانیی سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەکات لە کاتی هەر ڕوداوێکی نەخوازراو یان دروستبونی لافاو، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتنی (JCC) بە ژمارە 100 بکەن، چونکە تیمەکانیان بەشێوەی 24 کاتژمێری لەئەرکدا دەبن.
شارەوانی سلێمانی جەختیش دەكاتەوە، كە تیمەکانیان بەهاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ پاککردنەوەی مەنهۆل، ئاوەڕۆ و ڕێڕەوەکانی ئاو لە =شەقامە سەرەکی، کۆڵان و شوێنە گشتییەکاندا ئەنجامداوەو دەڵێت،ئامانج لەم کارانە کەمکردنەوەی ئەگەری کۆبونەوەی ئاو و دروستبونی لافاوە لەناو شاری سلێمانیدا.