شارپرێس:
سەرچاوە ئێرانییەکان پێکهێنانی یەکەم لیوای فەرمیی چەکداریی ژنانیان لە تاران لە چوارچێوەی هێزەکانی "بەسیج"دا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕاهێنانی خۆبەخشانی مەدەنی، ڕێکخستنی ژنان و بەرزکردنەوەی ئامادەییی سەربازییە بۆ بەرگریی لە پایتەخت لە بەرامبەر هەر هێرشێکی دەرەکیدا.
ئەم لیوایە وەک "هێزی دەستوەردانی خێرا" کاردەکات و بەشداربووان ڕاهێنانی چڕ لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئاگرین و کەلوپەلی جەنگیی وەردەگرن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "جان فیدا"دا دێت، کە ئامانجی پێکهێنانی نزیکەی هەزار "لیوای بەرگریی جەماوەریی نیشتمانی" و هەزار یەکەی فریاگوزاریی خێرایە. بەرنامەی ڕاهێنانەکان لە تارانەوە دەستی پێکردووە و پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە.
ڕاهێنانەکان برێتین لە: ئاسایشی گەڕەکەکان، ئامادەکاریی گشتیی بۆ جەنگ، چاودێریکردنی زانیارییەکان، دژەسیخوڕیی، و بەکارهێنانی کرداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک و مووشەکی دژەفڕۆکە و دژەزرێپۆشی سەرشان.
لە مەیدانی ئیمام حوسێن لە تاران، کۆمەڵگەیەکی ڕاهێنانی سەربازیی هاوشێوەی ژینگەی ئۆپەرسیۆنەکان دروستکراوە بۆ مەشقپێکردنی مەدەنییەکان.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن هەڵمەتەکە ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەییی جەماوەرییە، کە لە ڕاهێنانی سەربازییەوە فراوان بووە بۆ کۆبوونەوەی شەوانە و ڕێپێوان لە مەیدانە گشتییەکاندا.
ئەم پێشهاتانە هاوكاتن لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ، لە گەرمەی چەقبەستوویی دانوستانەکان، هەرەشەی ئهمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، و ئەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.