شارپرێس:
سەرچاوە ڕۆژئاواییەكان ئاشكرایان كردووە، واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ تەلئەبیب هەڵكردووە بۆ هەڵگرتنی سنوورداری ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراق، بەمەش ڕێگەی پێدەدات ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ بەئامانجگرتنی گروپە چەكدارە لایەنگرەكانی ئێران دەستپێبكات.
بەپێی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەردوولا، ئیدارەی ئەمریكا ئێستا بە تەواوی ئاگاداری پلانەكانی ئیسرائیلە كە ئامانج لێی پووچەڵكردنەوەی هەر هەوڵێكی ئەم گروپانەیە بۆ بەهێزبوونەوەیان.
واشنتۆن پابەندە بە بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری خۆی بۆ پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە و بنیاتنانی تۆڕێكی چالاكانەی پاراستنی ناوچەكە لە پێشبینی هێرشی تۆڵەسەندنەوە و پەرەسەندنی هەمەلایەنە كە لەوانەیە لەو ساتەدا سەرهەڵبدات كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشەكەیان لە عێراق دەستپێدەكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕاپۆرتە بەردەوامەكانی هەواڵگری ڕۆژئاوا پشتڕاستی دەكەنەوە كە سوپای ئیسرائیل و مۆساد زنجیرەیەك ئامادەكاری سەربازی و ئۆپەراسیۆنیان بۆ دەستپێكردنی هێرشی ئاسمانی و هێرشی لەناكاو تەواو كردووە كە بارەگاكان و كۆگاكانی چەكی سەر بە گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تاران لەناو خاكی عێراقدا دەكەنە ئامانج.
