باخچەلی قۆناغێكى نوێ ئاشكراده‌كات‌و ئەردۆغانیش وەک كاندیدى خولێكى دیكه‌ى سەرۆکایەتی دیاریدەکات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپه‌رست (مەهەپە) ڕایگەیاند، تورکیا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوییدایە بۆ کۆتاییهێنان بەسەردەمی چەک‌و توندوتیژیی؛ باخچەلی لەناو کۆبونەوەیه‌كى فراكسیۆنه‌كه‌ى له‌پەرلەماندا جەختیکردەوە، کارنامەی سەرەکیی ئەوان لەخولی نوێدا جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەیی‌و گرتنەبەری هەنگاوەکانی چاکسازییە، هاوكات بەفەرمی پشتیوانیی پارتەکەی بۆ کاندیدکردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دوپاتکردەوە.


ناوەندە سیاسیى‌و یاسادانانەکانی تورکیا لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی پەرلەماندا، بەرەو قۆناغی گۆڕانکاریی جۆریی هەنگاو دەنێن، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مه‌هه‌په‌، لەپه‌یامێكدا لەبەردەم فراکسیۆنی پارتەکەیدا، کایەو کارنامەی داهاتوی هاوپەیمانیی دەسەڵاتی خستەڕوو.

باخچەلی ڕایگەیاند، لەخولی نوێی یاساداناندا، کارەکانی لیژنە پەرلەمانییەکان‌و هێنانەکایەی مەرجەکانی تایبەت بەجێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەیی (پرۆسه‌ى ئاشتیى)، لەپێشەنگی گرنگترین بابەتەکانی ڕۆژەڤی ئەواندا دەبێت.

باخچەلی تیشکیخستەسەر بونی دەرفەتێکی مێژویی بێوێنە لەوڵاتەکەداو بەتۆنێکی گەشبینانە ڕایگەیاند، "لەجیاتی توندوتیژیى‌و چه‌ك، توندوتیژیی‌و زمان‌و ئامرازی چەک، لەم قۆناغەدا پانتایی سیاسیى‌و دیموکراسی لەبەردەمماندا واڵاکراوە؛ ئێمە ئێستا لەناو پڕۆسەیەکی قورس‌و گرنگی بەهێزکردنی برایەتیداین، خولی نوێی پەرلەمان نابێت بەخولی مشتومڕی ڕۆژانەی سیاسیى‌و ناشبێت کات بەفیڕۆ بدرێت، بەڵکو دەبێت ببێته‌ سەردەمی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازیی ڕیشەیی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ناوخۆییەکان".

خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش‌و ستراتیژیی لەپه‌یامه‌كه‌ى ڕێبەری مەهەپەدا، یەکلاکردنەوەی چارەنوسی كاندیدى داهاتوی سەرۆکایەتیی وڵاته‌كه‌ بوو، باخچەلی بەشێوازێکی فەرمی وتى، "وەک مه‌هه‌په‌، كاندیدى فەرمیمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ جارێکی دیکە، هاوپەیمانەکەمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە".

باخچەلی لەکۆتایی پەیامەکەیدا، ئەو هاوکێشە سەرەکییەی کە تورکیای پێ بەڕێوەدەچێت لەچوار خاڵی بنەڕەتیدا کورتکردەوەو وتی، "یاسای کۆتایی‌و فۆرمۆلی کارکردنی ئێمە ڕونە؛ لەبواری بەڕێوەبردن‌و سەرکردایەتیکردندا ڕه‌جه‌ب تەیب ئەردۆغان، لەکایەی داڕشتنی یاساکاندا مەهەپە، لەناوجەرگەی تورکیادا هاوپەیمانیی کۆمارو لەسەر ئاستی گشتیی جیهانیشدا تەنها هێزو ناوی تورکیایە".