شارپرێس:
وتەبێژی پەیوەندییەکانی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) پەردە لەسەر نەخشەیەکی تەمومژاوی دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە لادەدات کە دەیانەوێت لەڕێگەی دروستکردنی ڤێلایەکهوه لەناو دورگەی ئیمراڵی، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بخەڵەتێنن؛ زاگرۆس هیوا لەدیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس، بۆ یەکەمجار ئامانجی پشتپەردەی ئەم هەنگاوەو پەیامی ڕەتکردنەوەی دوساڵەی ئۆجهلان بۆ چونە ناو ئەو ماڵەو هەڵوێستی کۆتایی هێزەکانی قەندیل بەرامبەر بەپرسی چەکدانانی گەریلا ئاشكرادەکات.
وتەبێژی کەجەکە پەردەی لەسەر نوێترین جوڵەی کارگێڕییو لۆجستیی دەوڵەتی تورکیا لەناو دورگەی ئیمراڵیدا لاداو ڕایگەیاند، "حکومەتی تورکیا بەڕێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆنسەی ئەوروپا، خانوو و ڤێلایەکی نوێی لەناو قوڵایی دورگەی ئیمراڵیدا دروستکردوە".
لهو ڕوهشهوه زاگرۆس هیوا جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە نە فەرمیو قاچاخەو نه هیچیش لەواقیعی گۆشەگیریی ناگۆڕێت؛ چونکە تەنانەت ئەگەر خۆشترینو لوکسترین ڤێلاش بێت، زیندان هەر زیندانەو تەواوی دورگەکە بۆ خۆی گرتوخانەیەکی گەورەیە کە تێیدا ئۆجهلان لەسەرەتاییترین مافەکانی وەک پهیوەندی ئازادانە لەگەڵ ڕای گشتیی بێبەشکراوە.
سەبارەت بەهەڵوێستی خودی عەبدوڵڵا ئۆجهلان، وتەبێژی کەجەکە بۆ یەکەمجار پەیامێکی گرنگی ناوبراوی ئاشكراكردو وتی، "ڕێبەر ئۆجهلان ماوەی دوساڵە بەتەواوی چونە ناو ئەم ماڵەو نیشتەجێبونى لهناو ڤێلاكه ڕەتدەکاتەوەو بایکۆتیکردوە؛ چونکە ئەم شوێنە نوێیە خاوەنی هیچ پێگەیەکی یاسایی نییە، نە لەیاساکانی ناوخۆی تورکیاداو نە لەبنەماکانی یەکێتیی ئەوروپادا، بەڵکو تەنها شتێکی فەرزکراوی دیفاکتۆیە، پەیامە ڕونەکەی ئۆجهلان بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە ئەوەیە، (پێویستە تەواوی جێگۆڕکێیەک بەگوێرەی یاسا فەرمییەکان بێتو ئەگەر من بچمە ئەم ماڵە، دەبێت لەسەرجەم مافە یاساییەکانی خۆم سودمەندبم"، بەجۆرێک کە گۆڕانکاریی فەرمی لەدۆسیەکەیدا بکرێت نەک بەقاچاخو نافەرمی".
لەسەر لایەنی شیکاریی بابەتەکە، زاگرۆس هیوا ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیای لەدروستکردنی ئەم ڤێلایەدا ڕونکردەوەو ڕایگەیاند، "ئەنكەرە دەیەوێت بەم فێڵە کارگێڕییە وا نیشانبدات کە گوایە ئۆجهلان لەزیندان هاتوەتە دەرەوەو بارودۆخی ژیانی باشکراوە؛ ئامانجیان تەنها ئەوەیە کڵاوشەرعییەک بنێنەسەر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاو پێیان بڵێن کە مافی هیوا جێبەجێکراوە، تا ڕێگە لەدروستبونی گوشاری نێودەوڵەتی بگرنو دیارە ئەوروپاش هەمیشە بۆ قبوڵکردنی ئەم کڵاوشەرعییە ئامادەیە".
وتەبێژی کەجەکە هەڵوێستی کۆتاییو جێگیری هێزەکانی قەندیلی ڕاگەیاندو جەختیکردەوە، "تا عەبدوڵڵا ئۆجهلان بەتەواوی لەزیندان ئازاد نەبێتو خۆی ئازادانەو بەشێوازێکی فەرمیو یاسایی سەرپەرشتیی پرۆسەکە نەکات، ئاشتی نایەتەدیو هیچكهسیش چەک دانانێت".
