شارپرێس:
مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە ڕایگەیاند، دەرد و كێشەی باشوری كوردستان پرسی كشانەوەی ئەمریكا نییە دەردی باشور ئەو عەقڵێتی دەسەڵاتخوازییە ناوەندگەراییەیە كە پشت بە جومگە دیموكراسییەكان نابەستێت و دیموكراسی خۆجێی پشتگوێ خستوە.
مستەفا قەرەسوو لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی مەدیا هابەر دەڵێت، پێكنەهێنانی حكومەتێكی دیموكراتیك دەرنجامی ئەم عەقڵییەتەیە كە مەترسی سەرەكین لەسەر باشوری كوردستان. ئێمە بە تەواوەتی لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتێكی دیموكراتیكیین بۆ باشوری كوردستان و لەم ڕووەوە بە هەموو جۆرێك پشتیوانی دەكەین، پێموابێ گەلیش پشتیوانی دەبێت.
قەرەسوو لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا ڕونیكردەوە، كشانەوەی ئەمریكا لە باشوری كوردستان نیگەرانی دروست كردووە، بەڵام جیهان و شێوازی جەنگ گۆڕاون. ئێستا تەكنەلۆژیا و ژیریی دەستكرد هاتوونەتە پێشەوە و چیتر پێویست بە هێزی سەربازیی زۆر ناكات لەسەر زەوی. بۆیە گۆڕینی بنكە سەربازییەكان بەهۆی گۆڕانی تەكنیكی جەنگەوەیە، نەك كشانەوەی ڕاستەقینە و وازهێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.
دەشڵێت، لە ئێستادا دەسەڵاتی باشوری كوردستان بەهۆی نادیموكراتیبوونی و نەبوونی یەكێتیی نێوان لایەنەكان لاواز و بێهێز بووە. پێداگری لەسەر سیستەمی ناوەندگەرێتی وای كردووە كە دەسەڵات نەتوانێت پشتگیریی گەل بەدەست بهێنێت. ئەم جۆرە بیركردنەوە كۆنە، كە هی سەدەكانی ڕابردووە و سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵێتی چەمكی دەوڵەت-نەتەوە، كە تەنیا دەبێتە هۆی دابەشبوون و زیاتر لاوازبوونی كورد.
