نامەیەکی نادیار هێزە ئەمنییەکانی ئەنكەرەو باکوری كوردستانى خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند، ئاگادارکردنەوەیەک گەیشتوەتە دەستیان سەبارەت بەهەبونی مادەی تەقەمەنی لەناو فڕۆکەیەکدا کە لەئەنكەرەوە بەرەو ڕۆحا (ئورفا) دەڕۆیشت.


حەسەن شیڵداک پارێزگاری شاری ڕۆحا لەباشوری تورکیا لەڕێگەی سەکۆی ئێكس نوسیویەتی، "لەڕێکەوتی پێنجی تشرینی یەکەم‌و لەکاتژمێر حه‌وتى ئێوارەدا، نامەیەک دۆزراوەتەوە کە ئاماژە بەهەبونی تەقەمەنی (بۆمب) دەکات لەناو فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ‌AJET 4180‌دا کە لەئەنكەرەی پایتەختی تورکیاوە بەرەو ڕۆحا بەڕێوەبوە".

وتوشیه‌تى، "فڕۆکەکە لەکاتژمێر (8:5) شەو لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕۆحا (GAP) نیشتوەتەوەو سەرنشینەکان بەسەلامەتی هێنراونەتە خوارەوەو هێزەکانی ئاسایش خەریکی پشکنینی تەواوی فڕۆکەکەن بۆ گەڕان بەدوای هەر جۆرە تەقەمەنییەکدا".

شیڵداک ئاماژەی بەوەشداوە، فڕۆکەکە 136 سەرنشین‌و حه‌وت کارمەندی تیمی فڕینی هەڵگرتبوو، لەکۆتایی پۆستەکەشیدا نوسیویەتی، "تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەکان گیراونەتەبەر بۆ دڵنیابونەوە لەهێنانەخوارەوەی سەلامەتی سەرنشینان‌و تیمی فڕۆکەکە".