شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایدهگهیهنێت، دوای هەڵمەتێکی توندی بەدواداچونو لێکۆڵینەوەی چڕ، هێزهكانیان توانویانه لەماوەیەکی پێوانەیی کەمتر لەشەوو ڕۆژێکدا، بکوژی سەرەکیو هاوکارەکەی لەتاوانی کوشتنی هاوڵاتی (محەمەد ئەحمەد حەمەئەمین) دەستگیربکات؛ دەزگای ئاسایش پشتڕاستیدەکاتەوە کە تۆمەتباران بهگوێرهى یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراونو ڕێکارە یاساییەکان لەدژیان بەردەوامە.
هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لەچوارچێوەی پاراستنی سەقامگیرییو سەروەریی یاسادا، سەرکەوتنێکی ئەمنیی خێرایان لەناوجەرگەی شاری سلێمانیدا تۆمارکرد، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەفەرمی ڕایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەماوەی کەمتر لە24 کاتژمێردا، توانیویانە تەواوی ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتی (محەمەد ئەحمەد حەمەئەمین) ناسراو بە"محەمەد مەلای مامە گەورەی پێنجوێنی" دەستگیربکەن".
ئەم پڕۆسە کتوپڕە دوای ئەوەهات، هێزەکانی ئاسایش ڕاستەوخۆ دوای ڕوداوەکە، لێکۆڵینەوەی توندو وردی تەکنیکیو مەیدانییان دەستپێکرد کە لەئەنجامدا شوێنی داڵدەدانی بکوژی سەرەکیو تەنانەت ئەو هاوکارەشی کە یارمەتییدابوو لەئەنجامدانی تاوانەکەدا دۆزرایەوەو لەدوو کاتی جیاوازدا لەلایەن لیژنە تایبەتەکانەوە قۆڵبەستکران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبارەکە بهگوێرهى مادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بەتاوانی کوشتنی بەئەنقەستو پلان بۆ داڕێژراو) بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون؛ جەختیشدەکاتەوە، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی یاساییو دادوەری لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا بەشێوازێکی چڕوپڕ بەردەوامە تا تەواوی پشتپەردەو پاڵنەرەکانی ئەم تاوانە بۆ ڕای گشتی ئاشكرابکرێنو بخرێنە بەردەم دادگا.
