كه‌جه‌كه‌ له‌باره‌ى چۆڵكردنى قه‌ندیل‌و دانانى چه‌ك له‌لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ په‌یامێكى گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهۆشدارییەکی زۆر قورس‌و بێپێشینەدا سەبارەت بەدەنگۆی دانانى چه‌ك‌و چۆڵكردنى قه‌ندیل له‌لایه‌ن گه‌ریلاوه‌، وتەبێژی کەجەکە، تەواوی مەرجە سەربازیی‌و سیاسییه‌كانى قه‌ندیلى بۆ کشانەوە لەچیاکان خستەڕوو؛ جەختیشده‌كاته‌وه‌، زیاتر لە 80٪ی هێزەکانی گەریلا تەنها لەپێناو ئازادیی فەرمیی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لاندا چونەتە شاخ‌و تائەوکاتەی ناوبراو لەزیندانی ئیمراڵی ئازاد نەکرێت‌و بەشێوازێکی یاسایی سەرپەرشتیی پرۆسەکە نەکات، شتێک بەناوی چەکدانان یان چۆڵکردنی قەندیل بونی نابێت، ده‌شڵێت، "ملهوڕییەکانی تورکیا بۆ قەتیسکردنی گفتوگۆکان تەنها لەچوارچێوەی دانانى چه‌كدا، پاکتاوکارییەکی داڕێژراوە نەک پرۆسەی ڕاستەقینەی ئاشتیی".


زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە لەدیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس، پەردەی لەسەر پیلانێکی نوێی دەوڵەتی تورکیا لادا کە دەیەوێت بەدروستکردنی ماڵێکی بێ پێگەی یاسایی لەدورگەی ئیمراڵی، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بخەڵەتێنێت؛ زاگرۆس بەتوندی هۆشداریدەدات کە تا عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان بەتەواوی ئازاد نەبێت، گەریلا لەچیا نایەتە خوارەوەو چەکیش دانانێت، هاوكات هێرشی توندیکردە سەر دەسەڵاتدارانی هەولێرو دهۆک بەهۆی قەدەغەکردنی وێنەی ئۆجه‌لان‌و ڕایگەیاند، لەنەخشەی نوێی ئەمریکادا (لۆزانی دوەم) تەنها دەوڵەتی پڕۆکسی جێگەی دەبێتەوەو هیچ شوێنێک بۆ کورد دیارینەکراوە.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (كه‌جه‌كه‌) ڕایگەیاند، گفتوگۆی سەرەتایی هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی دانوستاندن یان لێکتێگەیشتنی سیاسیى؛ چونکە تورکیا هێشتا بەفەرمی دانی بەهەبونی کێشەی کورددا نەناوەو ئەگەر جارێکی دیكه‌ هەست بکات دەتوانێت بەشێوازی سەربازی بزوتنەوەی ئاپۆیی پاکتاو بکات، دەمودەست شەڕ دەستپێدەکاتەوە.

لەگۆڕانکارییەکی ناوخۆیی تونددا، وتەبێژی کەجەکە ڕەخنەی قورسی ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردو ڕایگەیاند، "لەکاتێکدا لەتەواوی جیهان‌و تەنانەت لەئەنكەرەو ئەستەمبوڵیش ڕێپێوان‌و هەڵمەت بۆ ئازادیی ئۆجه‌لان دەکرێت، بەداخەوە لەپارێزگاکانی هەولێرو دهۆک هێشتا چالاکی‌و هەڵواسینی وێنەی ئۆجه‌لان قەدەغەو بڤەیە،نئەم هەڵوێستانەی دەسەڵاتی هەولێر بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە پرسی کورد ناکەن‌و بەشێوازێک لەشێوازەکان، تەواوکەری ئەو سیاسەتی گۆشەگیرییەن کە لەلایەن ئەنكەرەوە بەسەر ئیمراڵیدا دەسەپێنرێت".

سەبارەت بەدۆسیەی تاڵانکاریی ژینگەیی، زاگرۆس هیوا ئاشکرایکرد، "سوپای تورکیا لەسەر سنورەوە تا چیاکانی شێلادزێ، دێرەلوک‌و ئامێدی بەدەیان ڕێگەی سەربازیی نافەرمی دروستکردوە کە تانک‌و تڕێله‌ی گه‌وره‌ى پێدا دەڕوات، ئەوان سەرجەم داربەڕوە بڕدراوەکانی باشوری کوردستان لەڕێگەی ناوچەی چەلێ (چوکورجە)وە تاڵاندەکەن‌و دەیبەن بۆ تورکیا".

ناوبراو هۆشداریدا، "ئەگەر گەریلا لەقەندیل نەمێنێت، هەمان چارەنوسی دارەکانی بادینان چاوەڕوانی دارەکانی قەندیلیش دەکات‌و شتێک بەناوی چۆڵکردنی قەندیلیش لەڕۆژەڤی گەریلادا نییەو هەر بڕیارێکیش بدرێت دەبێت گەلی بناری قەندیل تێیدا پشکداربن".

وتەبێژی کەجەکە خوێندنەوەی بۆ نێوان دێڕەکانی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردو ڕایگەیاند، "لەهاوکێشەی (لۆزانی دووەم)دا، زلهێزەکان دەوڵەتە ناوەندییەکان هەڵناوەشێننەوە، بەڵکو پەل‌و پۆیان دەکەن تا نەبنە مەترسی‌و تەواوی هێزە بریکارەکان (پڕۆکسی) سنوردار دەکەن‌و دەیانخەنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندییەوە؛ چونکە ئەمریکا لەمەودوا تەنها مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتاندا دەکات نەک گروپەکان.

زاگرۆس هیوا هۆشداریدا کە لەم سەردەمە نوێیەدا دەوڵەتی پڕۆکسی دەبێتە جێگرەوەی گروپی پڕۆکسی‌و سوریا تاقیگەی یەکەمی ئەم مۆدێلە نوێیەیە کە ئەگەر سەرکەوتوبێت لەسەر تەواوی ناوچەکە تاقیدەکرێتەوە، جەختیشیکردەوە، لەم هاوکێشە نێودەوڵەتییەدا هیچ شوێنێک بۆ کورد دیارینەکراوە، بۆیە ئەرکی کورد خۆیەتی کە بەتێکۆشانی دیموکراتی شوێنێک بۆ خۆی لەنەخشەکەدا بکاتەوە.