یەکەم هەنگاو دژی گرانکردنی دۆلار نرا؛ لەپەرلەمانەوە داوای راگرتنی بڕیارەکە دەکرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەنوسراوێکی فەرمیدا داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکات لەسەر گرانکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، داواش دەکات بۆ ماوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە رابگیرێت.


بەپێی نوسراوێکی بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کردوە، سەبارەت بە دوایین بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئەو پەرلەمانتارە چەند داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە، کە بریتین لەمانە:

١. پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی بەپەلە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ئابووری و ژیانییەکانی بڕیارەکە.

٢. بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی هۆکارەکانی بڕیارەکە و بەدیلە گونجاوەکان.

٣. خستنە دەنگدانی ڕاسپاردەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ داواکردن لە ئەنجومەنی وەزیران کە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرێت، تا هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی تەواو دەبێت و ڕاسپاردەکانی لیژنەی پەرلەمانی دەخرێنەڕوو.