ئامادەباشیی سەربازیی ئەمریكا ئێرانی ناچار كردووە بە جدییەوە بچێتە ناو گفتوگۆكان

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 265 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی كەناڵی "عەرەبیە حەدەس"، ئامادەباشیی سەربازیی ئەمریكا و فشارە ئابوریی و داراییەكان لەسەر تاران، بە هۆكارە سەرەكییەكانی چوونە ناو گفتوگۆی جددی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دادەنرێن؛ لە كاتێكدا ترەمپ بڕیاری دواخستنی هەر هێرشێكی سەربازیی گریمانكراوی تا دوای هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریكا داوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، سەرچاوەیەكی سەربازیی ئەمریكا ئاشكرای كردووە كە هێزە ئەمریكییەكان ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو فەرمانی ئامادەباشییان وەرگرتووە و تا نیوەشەوی 4ی ئۆكتۆبەر چاوەڕێی فەرمانی كۆتایی بۆ دەستپێكردنی هێرشێكی فراوانیان كردووە، بەڵام لە كۆتاییدا هێرشەكە دواخراوە و بوار بە دیپلۆماسی دراوە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات كە قەتەر هەوڵی ناوبژیوانی لەنێوان تاران و واشنتۆن داوە، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێكی دیپلۆماسی. لە هەمان كاتدا، واشنتۆن پەیامی ئەوەی بە ئێران گەیاندووە كە ترەمپ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك جیدییە، بەڵام هێرشكردن هەر یەكێكە لە بژاردەكانی.

بەپێی سەرچاوە سەربازییە ئەمریكییەكان، هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی هاویندا چەك و تەقەمەنییان نوێ كردۆتەوە و ئەو مووشەكانەیان قەرەبووكردۆتەوە كە لە هێرشەكانی پێشوودا بەكارهێنراون. 

بەرپرسێكی ئەمریكی هەروەك ئاشكرای كردووە كە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا نزیكەی 50,000 سەربازی ئامادەی لەبەردەستدایە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریكا پێشنیاری هێرشكردنە سەر توانا سەربازییەكانی ئێرانیان لە درێژایی كەناراوەكانی، لە سنووری پاكستانەوە تا كەنداوی عومان و كەنداوی عەرەبی و بە ئاراستەی بەسڕە لە عێراق، پێشكەش بە ترەمپ كردووە. 
ئەوەش هاتووە: ئامانجی ئەم پلانە، لەناوبردنی توانای دەریایی ئێران بۆ ماوەیەكی درێژ، دوورخستنەوەی بنكە مووشەكییەكان لە كەناراوەكانی وڵاتانی عەرەبی و هێرشكردنە سەر شوێنە سەربازییەكانی تر و سوپای پاسدارانە.


ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی