كەشناسی عێراق شەپۆلێكی 10 ڕۆژەی بارانبارينی ڕاگەیاند

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە شەپۆلێکی 10 ڕۆژەی بارانبارین و هەورەبروسکە ڕوو لەناوچەکانی هەرێم و عێراق دەکات و لەئەمڕۆوە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت.


دەستەی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ناجێگیری لەکەشوهەوادا سەرهەڵدەدات و شەپۆلێکی بارانبارینی پچڕپچڕ بەبڕی جیاواز ڕوو لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم و عێراق دەکات، کە پێشبینی دەکرێت کاردانەوەکانی تا 10 ڕۆژی داهاتوو بەردەوام بێت.

باس لەوە کراوە شەپۆلی یەکەم لەمڕۆ سێشەممە 20ـی مانگەوە دەستپێدەکات و تاچەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە، بەتایبەت لەڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەدا ئەگەری بارینی تاوەبارانی سوک تا مامناوەند هەیە، هاوکات لەگەڵ دروستبونی هەورەبروسکە، بەرزبونەوەی خێرایی باو دروستبونی تۆزو خۆڵی ناوخۆیی لەهەندێک ناوچەدا.

لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردوە، هاوشانی گۆڕانی ئاراستەی باو چڕبونەوەی هەورەکان، بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ پارێزگاكان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:

دهۆک 27 پلەی سیلیزی
سلێمانی و نەینەوا 28 پلەی سیلیزی
هەولێر، کەرکوک و ئەنبار 29 پلەی سیلیزی
بەغداد، سەڵاحەدین و دیالە 31 پلەی سیلیزی
کەربەلا و بابل 32 پلەی سیلیزی
نەجەف و دیوانییە 33 پلەی سیلیزی
واست 34 پلەی سیلیزی
میسان و موسەننا 35 پلەی سیلیزی
زیقار و بەسرە 36 پلەی سیلیزی