شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم دەنگۆی پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا ڕەتکردەوە و دەڵێت،" سەرپێچیکاران ڕوبەڕوی رێکاری توندی یاسایی دەکرێنەوە ".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە ڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" لە هەندێک کەناڵی میدیاییدا باس لە پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو دەکرێت، ئەم دەنگۆیانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە نییە کە تاکە لایەنی فەرمین بۆ تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیل".
ئەوەشیخستەڕوو،" بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکارە فەرمییەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ، ئەرک و دەسەڵاتی هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نیە بە هیچ ناوێک و لەبەر هەر هۆکارێک بێت، ڕێکار بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دابنێت ".
هاتوچۆی هەرێم باسی لەوەشکرد،" هەر ئۆتۆمبێلێک بە فەرمی لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تابلۆی یەکێک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی پێنەدرابێت، یان هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی عێراق یاخود تابلۆی فەرمیی بیانی نەبێت، بە "بێ تابلۆ" هەژمار دەکرێت".
راشیگەیاند،" هەر ئۆتۆمبیلێکی لەو شێوەیە بکەوێتە بەرچاوی مەفرەزە و تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، ڕوبەڕوی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە".
