ئایا جەنگی دژ بەئێران نزیک بوەتەوە؟ ئیسرائیل گفتوگۆکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چڕدەکاتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دڵەڕاوکێی تونددایە لەکاتێکدا کایەی ئەمنی‌و سەربازیی ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی نوێ هەنگاو دەنێت، کەناڵی فەرمیی (کان)ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، وڵاته‌كه‌ى په‌یوەندیی‌و گفتوگۆکانی لەگەڵ چەند وڵاتێکی کەنداو، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی (ڕێککەوتنی ئابراهام)یان واژۆکردوە، زۆر چڕکردوەتەوە، ده‌شڵێت، "ئەم جوڵە کتوپڕە دیپلۆماسی‌و ئەمنییە لەژێر سێبەری بەرزبونەوەی پێشبینییەکان دێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە گەورەکان دژ بەئێران لەچەند ڕۆژی داهاتودا".


ئەم په‌یوەندییە خێرایانەی ئیسرائیل لەپاش زنجیرەیەک گفتوگۆ دێن کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەهەفتەی ڕابردودا لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە ئەنجامیداون، هاوکات، لەکۆتایی هەفتەی ڕابردودا، کۆبونەوەی سەربازیی قورس لەنێوان فەرماندە باڵاکانی سوپای ئیسرائیل‌و هاوتاکانیان لەفەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بەڕێوەچوو، بەمەبەستی ڕێکخستنی پلانەکان‌و بەهێزکردنی هاوپەیمانێتیی ئەمنیی نێوانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تاران.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە، پێشبینییە ئەمنییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، دەستپێکردنەوەی پڕۆسە سەربازییەکان ڕەنگە جێبەجێکردنی هێرشێکی هاوبەشی گەورە لەنێوان ئەمریکاو ئیسرائیلدا لەخۆبگرێت، کە ڕاستەوخۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکان‌و کێڵگەو ناوەندەکانی وزە لەناو قوڵاییی خاکی ئێراندا بکاتە ئامانج، ئیسرائیل بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئامادەکارییە هێرشبەریی‌و بەرگرییەکانی کۆتایی پێهێناوە، بەتایبەت دوای گەیشتنی باره‌ گەورەکانی تەقەمەنی، موشەکی بەرگریی‌و فڕۆکەکانی سوتەمەنی بۆ ناوچەکە.

لەبەرامبەر تەپڵی جەنگدا، واشنتۆن لەڕێگەی هێڵە دیپلۆماسییەکانەوە لەگەڵ ڕوسیا، قەتەرو پاکستان خەریکی گفتوگۆیە، چونکە وڵاتانی کەنداو گوشاری توند دەکەن بۆ دورکەوتنەوە لەهەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەر، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بێ ئومێدیی خۆیان نیشانداوە لەسەرکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا لەدەوحە، سەرەڕای مانەوەی وه‌فدى ئێرانی لەقەتەر.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش جەختیکردەوە، بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنی جەنگەکە تەنها لەدەستی دۆناڵد ترەمپدایە، لەژێر سێبەری بونی ڕوانگەی جیاواز لەناو ئیدارەکەیدا لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران.

بەپەلە