دوای 10 ساڵ له‌زیندانیکردنی ڕێکخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى له‌باره‌ى دەمیرتاشه‌وه‌ هۆشداریده‌دات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی جیهانیی قه‌ڵه‌م (PEN International) بەفەرمی داوا لەدەسەڵاتدارانی تورکیا ده‌كات، سەڵاحەدین دەمیرتاش نوسەرو هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) ئازادبکات‌و کۆتایی بەو پێشێلکارییە یاسایی‌و سیاسییانە بهێنن کە ماوەی 10 ساڵە دژ بەو سەرکردە کوردەو دەنگە نەبڕاوەکانی ئۆپۆزسیۆن بەڕێوەدەچن.


سەڵاحەدین دەمیرتاش لە4ی تشرینی دوەمی 2016وه‌ لەدوای کودەتا شکستخواردوەکەی تورکیا، لەگەڵ هەشت پەرلەمانتاری دیكه‌ى حزبەکەی دەستگیرکرا، لەوکاتەوە دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە چەندین تۆمەتی جیاوازیان بەسەردا سەپاندوە له‌وانه‌، لەپێنجى 2024دا، دەمیرتاش لەسەر دۆسیەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014ی پەیوەست بەکۆبانێ، بەتۆمەتی تێکدانی یەکپارچەیی خاکی وڵات‌و پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی (كه‌ مه‌به‌ست لێى په‌كه‌كه‌) بوو، سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لەکانونی دوەمی 2026دا، دادگایەکی دیكه‌ى تورکیا سزای 17 مانگ‌و نیو زیندانی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند بەتۆمەتی سوکایەتی بەڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار لەوتارەکانی ساڵی 2015یدا، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتریش لەساڵانی 2018و 2021 بەهەمان تۆمەت سزای جیاوازی بەسەردا سەپێنرابوو.

ڕێکخراوی قه‌ڵه‌م تیشکدەخاتەسەر ئەوەی، ئەنكەرە تائێستاش ئامادەنییە دوو بڕیاری گرنگی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (سەر بەکۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا) جێبەجێبکات کە لەکانونی یەکەمی 2020و تەمموزی 2025دا دەرکراون، ئەو دادگایە ڕایگەیاندبوو، زیندانیکردنی دەمیرتاش پاڵنەری سیاسیی لەپشتەو دەبێت دەستبەجێ ئازادبکرێت، بەڵام دەسەڵاتداران هێشتا ناوبراویان لەزیندانی (ئەدرنە) لەڕۆژئاوای تورکیا هێشتوەتەوە، کە زیاتر لە هه‌زارو 600 کیلۆمەتر لەخێزانەکەی لەئامەد (دیاربەکر) دورە.

ڕێکخراوەکە جەختدەکاتەوە، ئەو دەستگیرکردنانە بەشێکن لەشاڵاوێکی ڕێکخراو دژی زمان، کولتور، میدیاو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد لەتورکیا (باكورى كوردستان)، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ قه‌ڵه‌م داوادەکات، کێشەی نەتەوەیی کورد لەڕێگەی دانوستان‌و ئاشتییەکی بەردەوامەوە چارەسەربکرێت، نەک لەڕێگەی ڕاوەدونان‌و دادگاییکردنی نوسەران، ڕۆژنامەنوسان، پارێزەران‌و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن کە تەنها داکۆکی لەمافە کولتوریی‌و سیاسییەکانی گەلی کورد دەکەن.