سیناتۆرێکی ئەمریکی: کورد دڵسۆزترین هاوپەیمانه‌ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و نابێت لەهیچ ڕێککەوتنێکی داهاتودا پشتگوێبخرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سیناتۆرێكى دیاری دیموکراته‌كان لەکۆنگرێسی ئەمریکا، بەفەرمی دانی بەکەمکارییەکانی پێشوی واشنتۆندا نا لەپاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی لەسوریا (ڕۆژئاواى كوردستان)، ڕایگەیاند، "دەبێت لەمەودوا ڕێگریی لەپەراوێزخستنی کورد بکرێت لەهەر ڕێککەوتنێکی داهاتودا کە پەیوەندیی بەعێراق، سوریا، تورکیاو ئێرانەوە هەبێت".


مارک وارنەر سیناتۆری دیموکرات لەکۆنگرێسی ئەمریکا، لەلێدوانێکی گرنگدا دانی بەوەدا نا کە ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لەڕابردودا وەک پێویست پابەندنەبوە بەپاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی، بەتایبەتی سەبارەت بەبارودۆخی سوریا.

مارک وارنەر جەختیکردەوە، گەلی کورد یەکێکە لەسەقامگیرترین‌و دڵسۆزترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، بۆیە بەپێویستی دەزانێت، کورد لەهیچ ڕێککەوتن یان چارەسەرێکی سیاسیی داهاتودا پەراوێزنەخرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت ئەمریکا گەرەنتی بدات کە جارێکی دیكه‌ پشت لەپێکهاتەی کورد ناکاتەوە، جا چ لەو پرسانەی کە پەیوەندییان بەسوریاوە هەیە، یان تورکیا، عێراق‌و ئێران.

ئەم لێدوانە گرنگە وەک دانپێدانانێکی فەرمیی ئەمریکا سەیر دەکرێت بەو کەمکارییانەی لەڕابردودا بەرامبەر بەهاوپەیمانە کوردەکان کراون، هاوكات جەختکردنەوەیەکی نوێیە لەسەر پێویستیی پاراستنی ماف‌و داهاتوی سیاسیی گەلی کورد لەناوچەکەدا.