وەزیری دادی تورکیا مەرجی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی چارەسەری ئاشکرادەکات‌و په‌یامێك ئاراسته‌ى په‌كه‌كه‌ ده‌كات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3553 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دادی تورکیا لەشارى مێردین له‌باكورى كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكى له‌باره‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند، "دەوڵەت نەخشەڕێگەیەکی ڕونی هەیەو هیچ سازشێک لەگەڵ کەسدا ناکات"، ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها دوای پشتڕاستکردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر دانانی چەکی گەریلاکان، پرۆسەکە بەفەرمی کۆتایی دێت".

 

ئاکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا لەلێدوانێکی فەرمیدا مەرجی سەرەکیی دەوڵەتی بۆ سەرخستن‌و کۆتاییهاتنی پڕۆسەی چارەسەری خستەڕوو و ڕایگەیاند، "دەبێت سەرجەم گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەناوەوەو دەرەوەی وڵات چەکەکانیان دابنێن".

گورلەک جەختیکردەوە، پێویستە گەریلاکان چەک دابنێن‌و تەواوی ئەو هۆکارانەی هەڕەشە لەئاسایشی وڵات دەکەن نەمێنن، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە تەنها کاتێکیش کۆتایی دێت، دامەزراوە فەرمی‌و ئەمنییەکانی دەوڵەت ئەم دۆخی چەکدانانه‌ بەفەرمی پشتڕاستبکەنەوە.

وەزیری داد سوربونی حکومەتی لەسەر پڕۆسەکە دوپاتکردەوەو وتی، "هیچ کەس ناتوانێت لەم ڕێگەیە پاشگەزمان بکاتەوە، ئێمە لەگەڵ هیچ لایەنێکدا مامەڵەو سازشمان نەکردوەو ناکەین، ئامانجمان بونیادنانی دەوڵەتی یاسای دیموکراتییە".

گورلەک لەپه‌یامه‌كه‌یدا سوپاسی سەرۆک کۆمارو دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە‌و سەرۆکی پەرلەمان‌و ئەو 467 پەرلەمانتارە کرد کە دەنگیان بەپڕۆژەیاسای تایبەت بەپڕۆسەی چارەسەریی دابوو.

وەزیری دادی تورکیا بەراوردکارییەکی بۆ دۆخی ڕابردوو و ئێستای مێردین کردو وتی، "پێش 24 ساڵ خەڵک لەژێر کەشێکی ستەمکاریدا نەیدەتوانی بەزمانی دایکی خۆی قسە بکات، بەڵام ئەمڕۆ لەزانکۆی ئارتوکلۆی مێردین، بەشی خوێندن بەزمانی کوردی هەیە"، لەکۆتاییدا داوای لەهاوڵاتیان کرد هۆشیاربن‌و خاوەندارێتی لەپڕۆژەی چاره‌سه‌رى‌و ئاشتیى"بکەن.