شارپرێس:
فەلاح خەفاجی ئەندامی پهرلهمانى عێراق ئاشكرایكرد، بانکی ناوەندیی
عێراق سەرکەوتوبوە لەڕاگرتنی دابەزینی یەدەگی دراوی بیانیو لەو قۆناغەی کە بەمەترسی
وەسفیکرد بەرەو قۆناغێکی سەقامگیرتر هەنگاوی ناوە، ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە
پرسیاری زۆری ئابوریی لەبارەی داهاتوی یەدەگی دراوو توانای سیاسەتی نەختینەیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
فشارە داراییەکانو هەڵبەزودابەزی بازاڕی دراو لەئارادان.
خەفاجی لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی «علناً»ی کەناڵی سۆمەرییە
ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی کارەکانی لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەماندا لەگەڵ پارێزگاری
بانکی ناوەندی کۆبوەتەوە، بانکی ناوەندیی قۆناغی مەترسیی تێپەڕاندوەو پاشەکشەی یەدەگ
وەستاوە، لەگەڵ بونی ئاماژەی ئەرێنی بۆ دوبارە بەهێزکردنەوەی سەرمایە بیانییەکان کە
دراوی قورس، زێڕو قەواڵە داراییەکان دەگرێتەوە.
ئەم لێدوانانە تەنها ڕۆژێک دوای بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە دێن کە دابەزینی
یەدەگی بیانیی عێراقیان بۆ نزیکەی 78.245 ملیار دۆلار لەکۆتایی مانگی ئەیلولی
2026دا نیشاندا، بەراورد بە81.538 ملیار دۆلار لەمانگی ئابدا؛ واتە تەنها لەیەک
مانگدا بڕی 30.293 ملیار دۆلار کەمیکردوە، بەراوردکردنی ئەم ژمارانه لەگەڵ کۆتایی
ساڵی 2025دا کاتێک یەدەگەکە نزیکەی 97.426 ملیار دۆلار بوە دابەزینێک بەبڕی نزیکەی
19.181 ملیار دۆلار نیشاندەدات کە دەکاتە نزیکەی 19.7٪ لەماوەی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا.
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە یەدەگی عێراق لەماوەی ئەمساڵدا ڕوبەڕوی
فشارێکی بەرچاو بوەتەوە، ئەمەش لێدوانەکانی خەفاجی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی نوێترین
داتاکان. لەبەرامبەردا، هەندێک ئاماژەی جیاواز بەرزبونەوەی بەهای یەدەگی فەرمییان
بەدیناری عێراقی لەناوەڕاستی تشرینی یەکەمدا پیشانداوە، بەڵام ئەمە پێویستی بەبەراوردکارییەکی
وردی پێکهاتەکانی یەدەگو نرخی زێڕ هەیە پێشئەوەی بەیەکجاری دڵنیابین لەگۆڕانی ئاڕاستەی
دابەزینەکە.
لەڕوی ئابورییەوە، وەستانی دابەزینی یەدەگ لەماوەیەکی دیاریکراودا بەو
واتایە نایەت کە ئابوریی هەموو مەترسییەکانی پەیوەست بەنەختینەو پارەدارکردنی دەرەکیی
تێپەڕاندوە، سەلماندنی بوژانەوەی بەردەوام، پێویستی بەباشتربونی یەدەگ هەیە بۆ ماوەی
چەندین مانگی لەسەریەک، لەپاڵ سەقامگیریی هاتنی دراوی بیانی، هەروەها بەرزبونەوەی
نرخی زێڕ یان قەواڵەکان لەناو سەرمایەکانی بانکی ناوەندیدا، ڕەنگە بەهای گشتیی یەدەگ
بەرزبکاتەوە، بەبێئەوەی بەواتای زیادبونی کاشی دۆلاری بەردەست بێت بۆ بەکارهێنانی
خێرا.
چاودێران پێیانوایه، وەستانی کەمبونەوەی یەدەگ دەکرێت هەنگاوێکی ئەرێنی
بێت بۆ بازاڕی عێراق، ئەگەر هاوکات بێت لەگەڵ بەردەوامیی پارەدارکردنی هاوردەکارییو
ئاسانکاریی بۆ حەواڵە دەرەکییەکان، بەڵام پهرلهمانتارهكه دهڵێت، "سەقامگیریی
یەدەگ بەشێوەیەکی خۆکار نابێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەشدا، چونکە چەندین
فاکتەری دیکە ڕۆڵ دەبینن؛ لەوانە خواستی بازرگانی لەسەر دراوی بیانی، کارایی حەواڵە
بانکییەکانو ئەو جیاوازییەی لەنێوان نرخی فەرمیو نرخی بازاڕدا هەیە".
سەرەڕای گەشبینیی پەرلەمانتاران، بەڕێوەبردنی یەدەگ هێشتا بەستراوەتەوە
بەکۆمەڵێک تەحەدای قورسەوە، دیارترینیان، پشتبەستنی ڕەهای عێراق بەداهاتی نەوتو هەڵبەزودابەزی
نرخەکانی لەبازاڕەکانی وزەدا، ههروهها قەبارەی زۆری خەرجیی گشتیی دەوڵەتو خواستی
بەردەوام لەسەر دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵا لهگهڵ گرژییە هەرێمییەکان کە ڕاستەوخۆ
کاریگەرییان لەسەر حەواڵە دەرەکییەکانو توانای دابینکردنی دراوی قورس هەیە.
لێدوانەکانی خەفاجی دەرگا بەڕوی قۆناغێکی نوێی هەڵسەنگاندنی ئابوریدا
دەکەنەوە بۆ ئەدای بانکی ناوەندیی، بەڵام بڕیاردان لەسەر گواستنەوەی بانکەکە لەقۆناغی
پاشەکشەوە بۆ گەشەکردن، پێویستی بەبڵاوکردنەوەی داتا فەرمییە نوێیەکان هەیە تا ڕون
ببێتەوە کە ئایا ئەم باشبونە لەئەنجامی زیادبونی داهاتی نەختینەییەوە بوە یان تەنها
بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی زێڕو سەرمایەکانەوە بوە.
لەنێوان دڵنیایی پەرلەمانتارانو ئامارەکانی پێشودا، پرسیارە سەرەکییەکە
بەکراوەیی دەمێنێتەوە، ئهویش ئهوهیه، ئایا بانکی ناوەندیی دەستی بەبوژانەوەیەکی
بەردەوام کردوە، یان ئەمە تەنها سەقامگیرییەکی کاتییە؟
