گروپێکی چەکداری نوێ خه‌و له‌چاوى فه‌رمانده‌ باڵاكانى دیمه‌شق ده‌تۆرێنێت

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرەسەندنێکی نوێ دۆخی ئەمنیی سوریای گرتوەتەوە، دوای ئەوەی گروپێکی چەکداری پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تیرۆرکردنی ئاڕاستەی فەرماندە باڵاکانی دەسەڵاتی دیمەشق کردو بەپەیوەندیی نهێنی لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل تۆمەتباریکردن.


ئەو گروپەی خۆی بە(بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەسوریا ـ ئولی ئەلبەئس) دەناسێنێت‌و لەلایەن تارانەوە پاڵپشتیدەکرێت، لەبەیاننامەیەکی تونددا ژمارەیەک لەفەرماندە سەربازیی‌و ئەمنییەکانی دەسەڵاتی دیمەشق‌و چەند لایەنێکی دیکەی بەخیانەتکار ناوبردوە.

گروپەکە بانگەشەی ئەوەدەکات، بەڵگەنامەو دۆسیەی تەواوی لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنن ئەو بەرپرسانە بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لەباشوری سوریا لەپەیوەندیدان.

گروپه‌كه‌ هۆشداریداوە، هەرکەسێک تێوەگلانی لەپەیوەندیی‌و سیخوڕیکردن لەگەڵ ئیسرائیل بسەلمێنرێت، دەکرێتە ئامانج‌و له‌ناوده‌برێت، هاوکات ڕاشیگەیاندوە، دۆسیە، وێنەو وردەکاریی مامەڵە نهێنییەکانی ئەو فەرماندانە ئامادەکراون‌و لەڕۆژانی داهاتودا بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێنەوە.

ئەم هەڕەشە ئاشکرایە لەکاتێکدایە، ململانێ‌و گرژییەکانی نێوان گروپە نزیکەکانی ئێران‌و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق چوەتە قۆناغێکی هەستیارەوەو ئاماژەیە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆرکردن‌و تێکچونی زیاتری سەقامگیریی ناوخۆیی لەسوریادا.