شارپرێس:
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکان کە تۆڕی هەواڵی حوڕە بڵاوی کردووەتەوە، پلانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ چوونە ناو ناوچەی جورف سەخر و پشکنینی شوێنە گومانلێکراوەکانی قاچاخی نەوت، بەهۆی ئاشکرابوونی وردەکارییەکان و فشارە سیاسی و ئەمنییەکان، لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دواخراوە.
بەپێی سەرچاوەكان، پلانەکە بریتی بووە لە بەشداریی سێ لیوا لە دانانی کەمەربەندێکی ئەمنی و پشکنینی هاتووچۆی ئەو کەسانەی دەچوونەژوورەوە و دەردەچوون لە ناوچەکە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قاچاخی نەوت. ئۆپەراسیۆنەکەش بڕیار بووە بەیانی زووی ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەست پێ بکات.
بەڵام دزەپێکردنی زانیارییەکانی پلانەکە لەلایەن فەرماندەیەکی باڵای سەربازییەوە، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی جووڵەی سیاسی لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حەشدی شەعبی لە کۆتاییدا بوونە هۆی دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و کاتێک دواخستن دەبێتە دەرفەت
بەپێی سەرچاوەکانی حورە، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لەو ماوەیەدا کەڵکی لە دواخستنەکە وەرگرتووە بۆ شاردنەوەی نیشانە و بەڵگەکانی بەقاچاخ بردنی نەوت، لە هەمان کاتدا، کەسانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردووەتەوە کە ئامادەیی هێزەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە پیشان دەدا؛ ئەمەش دەتوانرێت وەک نیشانەیەک لە هەوڵی گرووپەکە بۆ پیشاندانی توانای خۆی و ناردنی پەیامێکی هەڕەشەئامێز بۆ لایەنە حکومییەکان لێکبدرێتەوە.
١١ دامەزراوە ئەمنییەکان لە جەرف سەخەر
لە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژی هەینی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیی پێکهاتوو لە ١١ دامەزراوەی حکومی، بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بەڕێوەبەری ئەمنیی حەشدی شەعبی، و بە هاوڕێیەتی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ، گەیشتە جورف سەخر بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی قاچاخی نەوت.
ئەم هەنگاوە لە دوای ئەوە هات کە تۆڕی هەواڵی حوڕە لە ٩ی تشرینی دووەم ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی بڵاو کردەوە کە بەڵگەی دزی و بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر لە ساڵی ٢٠٢١ەوەی خستبووە ڕوو. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم کارە لە ڕێگەی هەڵکەندنی کەناڵ و کونکردنی بۆری، دانانی پاڵاوگەی سەرەتایی و بەکارهێنانی گۆماوی شاراوەوە ئەنجام دراوە.
جورف سەخر؛ تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
ئەوەی لە پشت ئەم ڕووداوانەدا گرنگە، تەنها پرسیاری قاچاخی نەوت نییە؛ بەڵکو پرسیاری توانای حکومەتی عێراقە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە ئەمنییەکانی لە ناوچەیەکدا کە گرووپە چەکدارەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە تیایدا.
دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئاشکرابوونی پلان و فشارە سیاسییەکان، پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت بەبێ ڕەزامەندی یان هاوئاهەنگیی گرووپە چەکدارەکان، بڕیارە ئەمنییەکانی خۆی لە جورف سەخر جێبەجێ بکات؟
