شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانیانی ڕوداوەکانی هاتوچۆ کە دەکاتە سێیەم یەکشەممەی مانگی تشرینی دوەمی هەموو ساڵێک، ئەمڕۆ لەپارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوداوێکی سەختی هاتوچۆ 28 قوربانیی لێکەوتەوەو بەهۆیەوە ماتەمینیی گشتیی لەو پارێزگایە ڕاگەیەندرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی تشرینی دوەمی 2026، لەسەر ڕێگهی نێوان (دەشتی عەباس ـ ئابدانان) لەسنوری پارێزگای ئیلام، پاسێک کە تایبەتبوە بەگواستنەوەی کرێکارانی پاڵاوگەی (NGL) وەرگەڕاو کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتەوە.
دەستبەجێ دوای ڕوداوەکە پێنج تیمی فریاگوزاریی کۆمەڵەی مانگی سور گەیشتونهته شوێنەکەو لەسەرەتادا هەشت کرێکار لەشوێنی ڕوداوەکە گیانیان لەدەستداو دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە چوار کرێکاری دیکەش لەنەخۆشخانە گیانیان لهدهستدا؛ بەمەش کۆی گشتیی قوربانییان گەیشتە 28 کەس (12 گیانلەدەستدانو 16 بریندار).
وەک هاوخەمییەک بۆ خانەوادەی قوربانییانو سەختیی ڕوداوەکە، پارێزگاری ئیلام بڕیاریدا بەڕاگەیاندنی یەک ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی لەسەرتاسەری پارێزگای ئیلامو دوو ڕۆژ ماتەمینی لەشاری ئابدانان.
ئەم کارەساتە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەرتاسەری جیهاندا وەک ڕۆژی یادکردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ دیاریکراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی شۆفێرانو چاککردنی ڕێگهوبانەکان، بەڵام ڕێگه مەترسیدارەکانی کوردستان هێشتا بەردەوامن لەوەرگرتنی قوربانيی.