سێ مانگه‌ كرێكارانى شاره‌وانى له‌مشاره‌ى كوردستان موچه‌یان پێنه‌دراوه‌

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1447 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زیاتر لەسێ مانگە کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاریی شارەوانیی شاری سنە هیچ شایستەیەکی داراییان وەرنەگرتوە، ئەمەش بارگرانییەکی قورسی خستوەتەسەر ژیانی ڕۆژانەی خۆیان‌و خێزانەکانیان‌و نیگەرانییەکی قوڵی لێکەوتوەتەوە.


کرێکارانی خزمەتگوزاریی گشتیی سنە ئاماژە بەوەدەکەن، ماوەی سێ مانگە هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتەسەر هەژمارە بانکییەکانیان.

بەوتەی ئەوان، بەرپرسانی شارەوانی چەندینجار بەڵێنی خەرجکردنی موچەکانیان داوە، بەڵام سەرجەم بەڵێنەکان تەنها وەک قسە ماونەتەوەو بەدرێژەدان بەسیاسەتی "ئەمڕۆو سبەی" کاتدەکوژن.

دوای ئەوەی هەموو دەرگاکانی گفتوگۆ بێئەنجامبون، کرێکاران وەک دوایین کارتی فشار پەنایان بردەبەر مانگرتن، بەڵام ئەو هەنگاوەش هیچ گۆڕانکارییەکی کرداریی بەدوای خۆیدا نەهێناوەو قەیرانەکە وەک خۆی بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

دواکەوتنی موچە لەشارەوانیی سنە بوەتە کێشەیەکی درێژخایەن‌و دوبارە، ئەمەش وایکردوە کرێکاران‌و خێزانەکانیان بەتەواوی لەم دۆخە بێزاربن، داواکاریی سەرەکیی ئەوان لەئێستادا ئەوەیە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆتایی بەبەڵێنە بێکردەوەکان بهێنن‌و هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی موچەکانیان بنێن.