هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ بە دوو سکاڵا، داوایان لە دادگای فیدراڵیی عێراق کرد کارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕابگرێت.
داواکاریی یەکەم بە ژمارە (263/فیدراڵی/فەرمانسالاری/2026) لەلایەن ئاسۆس عەلی ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو.
لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، ئەمرێکی وەلائی دەربکرێت بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی سەرجەم دەرئەنجام و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵای ژمارە (263/فیدراڵی/2026) تایبەت بە تانەدان لەو دانیشتنە و بڕیارەکان و ئەو پێکهاتانەی لێیەوە دروست بوون.
لە نووسراوی دووەمیشدا بە ژمارە (264/فیدراڵی/فەرمانسالاری/2026)، محەممەد سلێمان محەممەد وەک سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، داواکارییەکی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردبوو.
محەمەد سلێمان داوای کردبوو ئەمرێکی وەلائی بۆ راگرتنی کاریگەری، رێکار و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمان دەربکرێت تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵای ژمارە (264/فیدراڵی/2026). هاوکات عەلی کامیل رەسووڵ وەک پارێزەر بریکاری هەردوو داواکارەکە بووە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، دوای وردبینی و تاوتوێکردن دەرکەوتووە دەرکردنی ئەمری وەلائی بەپێی ماددەی 151ـی یاسای دادبینیی مەدەنیی ژمارە 83ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، پێویستی بە بوونی دوو مەرج هەیە، ئەوانیش مەرجی بەپەلەیی و دەستنەبردنە بۆ بنەڕەتی ماف.
دادگاکە روونی کردەوە، هیچ کام لەو دوو مەرجە لە داواکارییەکانی هەردوو داواکارەکەدا بەدی نەهاتوون و بەم هۆیەوە شایانی رەتکردنەوەن. هەربۆیە دادگای باڵای فیدراڵی بە زۆرینەی دەنگ و وەک بڕیارێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە، بە پشتبەستن بە ماددەی 94ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق و بڕگەی دووەم لە ماددەی پێنجی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاری دا هەردوو داواکارییەکە رەتبکاتەوە.
