شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی سعودیە، دوێنێ شەممە سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دوو هاوڵاتیدا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە جێبەجێکرد، دوای ئەوەی بەئەنجامدانی تاوانی "تیرۆریستی" تۆمەتبارکران، لەبەرامبەردا ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەسەر لەسێدارەدانی یەکێکیان بەهۆی ئەوکارانەی کە لەتەمەنی مێرمنداڵیدا ئەنجامیداون.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لەبەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی فەرمیی (واس) بڵاویکردوەتەوە ئاشکرایکردوە، سزای لەسێدارەدان بەسەر هەریەک لەفازڵ بن حەسەن سەفوانیو جەواد بن عەبدوڵڵا قورەیریسدا جێبەجێکراوە، وەزارەتەکە ئەو دوکەسەی تاوانبارکردوە وهك پەیوەندیکردن بەڕێکخراوێکی تیرۆریستیی دەرەکیو تەقەکردن لەهێزە ئەمنییەکانو ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس بەچەکو بۆمب، لهگهڵ هەڵگرتنی چەکو تەقەمەنیو پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ ئەنجامدانی کردەوە لەناوخاکی شانشینەکەدا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای دەستگیرکردنو لێکۆڵینەوە، دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند کراوەو سزای کوشتنی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندراوە، دواتریش لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندکراوەو فەرمانی شاهانە بۆ جێبەجێکردنی دەرچوە.
لەبەرامبەردا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (ڕیپریڤ ـ Reprieve) کە بنکەکەی لەلەندەنە ڕایگەیاند، جەواد قورەیریس لەکاتی ڕودانی خۆپیشاندانو چالاکییەکاندا تەمەنی تەنها 14 ساڵ بوە، ڕێکخراوەکە دەڵێت، ناوبراو لەکانونی یەکەمی 2020 دەستگیرکراوەو ڕوبەڕوی تۆمەتی بەشداریکردن لەخۆپیشاندانو چالاکیی ڕێکخراوەیی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوەتەوە.
جەید بەسیونی بەرپرسی بەشی سزای لەسێدارەدان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقیا لەڕێکخراوەکە ئاشکرایکردوە، قورەیریس ڕوبەڕوی ئەشکەنجەدان بوەتەوە بۆ ناچارکردنی بەدانپێدانان کە ئەم تۆمەتانە لەبەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی سعودیەدا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
هەروەها ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ پێشتر ئاماژەی بەلەسێدارەدانی حەسەن فەرەجو چوار کەسی دیكه لەمانگی تشرینی یەکەمی ڕابردودا کردبوو کە ئەویش لەتەمەنی 14 ساڵیدا ئەوکارانەی ئەنجامدابوو، هاوکات مەترسیی خۆیان لەجێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر یوسف مەناسفی تەمەن 30 ساڵدا دەربڕیوە کە بەهۆی بەشداریکردنی لەخۆپیشاندانو مەراسیمی ناشتنی قوربانییانی ساڵانی 2011و 2012دا (کاتێک تەمەنی لەخوار 16 ساڵ بوە) سزادراوە.
بهگوێرهى ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لەسەرەتای ساڵی 2026وە تائێستا دەسەڵاتدارانی سعودیە 211 کەسیان لەسێدارەداوە، کە 17 کەسیان بەتۆمەتی پەیوەست بەتیرۆر سزادراون، لەبەرامبەر ڕەخنە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕیاز جەختدەکاتەوە، سزای لەسێدارەدان پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایشو سەقامگیریی وڵاتو تەنها دوای تەواوکردنی هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردن جێبەجێدەکرێت.